100 گرام لێ بنێیت بەسە
بامیەی وشکی کوردی لە سلێمانی کیلۆی بە 50 هەزار دینارە
+964
رێژوان مامە قادر ـ سلێمانی
بامیەی وشککراوی کوردی لە بازاڕەکانی سلێمانی کیلۆی بە 50 هەزار دینارە و فرۆشیارێک باس لە تایبەتمەندییەکانی دەکات.
توانا عوسمان، خاوەنی دوکانی وشکەفرۆشی لە بازاڕی حەوزە وشکەکەی سلێمانی بە 964ی وت: “بامیەکە هی ئەمساڵە و بە وشککراوی 100 گرام لێ بنێیت وەک ئەوە وایە کیلۆیەکی تەڕت لێنابێت”.
وتیشی، “ئەو بامیەیە هەمووی وردە و لەگەڵ توێکڵی پرتەقاڵ زەرد دەکرێت و ئەوانەی بامیەناسن دەزانن ئەوە بامیەیە چەند تایبەتە، بەڵام لێنانی زانینی دەوێت و کەسێک بزانێت لێی بنێت بە هەمان بامیە تەڕەکە بەتام و ئاودارە”.
ئێستا لە بازاڕدا بامیەی وشککراوی حیللەش هەیە و کیلۆی لە نێوان 20 بۆ 30 هەزار دیناردایە.
ئەو دوکاندارە وتیشی: “چێشتخانەکان دێن چارەکە کیلۆیەک دەبەن و بەشی رۆژەکەیان دەکات، خواستێکی زۆریشی لەسەرە و من بامیەکەم لە هەڵەبجەوە بۆ دێت”.
پێداچوونەوە: موحسین عومەر