بۆ قەرەبووکردنەوەی ماڵێک
964 بەرگریی شارستانیی ئاکرێ دێنێتە سەرخەت
964+
زەید کۆچەر – دهۆک
ئەو خانووەی لە قەزای ئاکرێ بەهۆی لافاوی بارانبارینی ئەمساڵەوە زیانی بەرکەوتبوو قەرەبوو نەکرابووەوە، دوای بەدواداچوونێکی 964 لیژنەی بۆ دەرکراوە و راپۆرتی زیانەکانی ئامادە کراوە.
جگە لەو خانووە، پێنجی دیکە زیانیان بەرکەوتبوو، بەڵام ئەوانی دیکە قەرەبووکرابوونەوە و تەنیا ئەو خانووە مابوو.
ئەشقی سەعدی ئەحمەد، خاوەن ماڵەکەیە و بە 964ـی وت، “دوای ئەوەی خانووەکەی من رووخا لە گەڕەکی سوسنا لە قەزای ئاکرێ، راستەوخۆ پەیوەندیم بە بەرگریی شارستانییەوە نەکرد، کاتێکیش چووم وتیان درەنگ هاتوویت و بەر قەرەبووکردنەوە ناکەویت”.
964 کەیسی ئەو هاوڵاتییەی جوڵاند و دوای بڵاوبوونەوەشی، بەرگریی شارستانیی ئاکرێ لیژنەیەکی بۆ ئەو ماڵە ناردووە و زیانەکانیان خەمڵاندووە بۆ قەرەبووکردنەوەی.
“سوپاسی 964 دەکەم کەیسەکەیان جوڵاندم”، عەشقی سەعدی ئەحمەد وای وت.
بە پێی زانیاریی 964 ئەو خانووانەی قەرەبوو کراونەتەوە هەریەکێکیان بڕی دوو ملیۆن و 500 هەزار دیناریان پێدراوە.
عەقید ئیبراهیم فەریق، بەڕێوبەری بەرگریی شارستانیی ئاکرێ بە 964ـی وت، “سەرەتا ئەم هاوڵاتییە ئێمەی ئاگادار نەکردووەتەوە، کە زیانی بەرکەوتووە، بۆیە ناکرێت دوای 10 رۆژ ئیمە راپۆرتی بۆ دروست بکەین، چونکە لەوانەیە دەستکاریی خانوو کرابێت”.
وتیشی، “دواتر لیژنەکانمان چوونەتە سەر ماڵەکە و زیانەکانمان نووسیوەتەوە و ئێمەش رەوانەی قایمقامیەتی دەکەین و قەرەبووکردن یان نەکردنی ئەم هاوڵاتییە لەسەر بڕیاری قایمقامیەت دەمێنێتەوە”.
هاوڵاتیەکی ئاکرێ دەڵێت؛ بەهۆی لافاو هیچم بۆ دەرنەچووە و قەرەبوو نەکراومەتەوە
پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد