"بۆ بەرژەوەندیی گشتییە"
وەبەرهێنانی سلێمانی: دەبێت ئەو یەکانە تاپۆ بکرێن کە وێنەی تۆماریان هەیە
964+
پێشەوا محەمەد
وەبەرهێنانی سلێمانی ئەو پڕۆژە نیشتەجێبوونانە ئاگادار دەکاتەوە، کە یەکەکانیان جیاکراونەتەوە و وێنەی تۆماریان هەیە، دەبێت تاپۆ بکرێن و مامەڵەکانیان لای کۆمپانیای وەبەرهێن نەمێنێت.
وەبەرهێنانی سلێمانی لە رێگەی نووسراوێکەوە پڕۆژەکانی ئاگادار کردووەتەوە، هەر گرێبەستێکی ئاڵوگۆڕی یەکە لە لایەن وەبەرهێنەرەوە بکرێت و پێشتر وێنەی تۆماری بۆ کرابێت لە بەڕێوەبەرایەتییەکەیان پەسەند ناکرێت.
عەزیز سەعید، بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، ئەو یەکانەی وێنەی تۆماریان هەیە و کێشەی جیاکردنەوەیان نەماوە دەبێت لە رێگەی تاپۆکانەوە مامەڵەیان بۆ بکرێت و داهاتەکەی بۆ حکومەت بێت.
وتیشی، “بڕیارەکە بۆ بەرژەوەندیی گشتی و رێگری دەستاودەستکردنی یەکەکانە لە لایەن وەبەرهێنەرەوە”.
لە سنووری پارێزگای سلێمانی زیاتر لە 70 پڕۆژەی نیشتەجێبوون هەیە و لەسەر و 90 هەزار یەکەیان هەیە.