لە موسڵ ئاوی زەمزەم بەخۆڕاییە

964+

لە مزگەوتێکی موسڵ هه‌فته‌ى جارێك، لەدوای تەواوبوونی نوێژی هەینی، ئاوی زەمزەم لەنێو دەبە بەخۆڕایی بەسەر نوێژخوێناندا دەبەخشرێتەوە.

مزگەوتی عەبدال، دەکەوێتە ناو بازاڕی باب سەرای لای راستی موسڵ، خاوەنی پڕۆژەکە دەڵێت، “ئێمە بە خۆبەخش هەستاوین بەم کارە بۆ ئەو نوێژخوێنانەی لەتوانایاندا نییە هەردوو فەریزەی حەج و عومرە بەجێبهێنن.”

 محەمەد خالید کەللاک، خاوەنی پڕۆژەکەیە قسەی بۆ 964+ کردووەو دەڵێ: ئاوی زەمزەم لە رێگەی بەخشینی خێرخوازانەوە لە بەڵێندەران دەکڕنەوە، دوای ئەوەی دەکرێتە بوتڵی تایبەت و پاکژکراوەوە، بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشیان دەکەن.

هەموو رۆژانی هەینییەک، 100 بوتڵ ئاوی زەمزەم دەدرێت بە نوێژخوێنانى مزگەوتی عەبدال.

ئاوی زەمزەم لەو بیرە سەرچاوە دەگرێت، کە دەکەوێتە مزگەوتی الحرام لە شاری مەککەی پیرۆز، لە عەرەبستانی سعودیە.

بە گوێرەی سەرچاوەکانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام بیرەکە یەکێکە لە پەڕجووە گەورەکانی خودای گەورە کە لە هەزاران ساڵ پێش ئێستاوە بە خۆڕسکانە ئاوی لێهەڵدەقوڵێت و ئێستا یەکێکە لە سیما هەرە سەرسوڕهێنەرەکانی شاری مەککە.