قەل و قاز گران بووە

+964
كوردستان ئەحمەد- هەولێر

نرخی قەل و قاز لە هەرێمی كوردستاندا بە بەراورد بە ساڵی رابردوو گرانتر بووە.

به‌ پێی سۆراغی 964+، ئێستا هەر كیلۆیەك قاز حەوت هەزار دینار و قەلیش پێنج هەزاری چووەتە سەر.

جیهاد برادۆستی، خاوەنی دوكانی فرۆشتنی قەڵ و قازە لە شاره‌دێی برادۆست، ئەمساڵ 190 قەل و 75 قازی  پێنج كیلۆیی و حەوت كیلۆیی هەبووە.

ئه‌و بۆ 964+ ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا، ئێستا هیچی نەماوە و هەمووانی فرۆشتووه‌.
وتیشی، “ئەمساڵ قەلی گەورە ئەگەر شەش بۆ حەوت كیلۆیی بێت، نرخی 65 تا 70 هەزار دینارە و ئەگەریش دوو كیلۆ یان زیاتر بێت،  بە 45 تا 50 هەزار دینارە.

لە بارەی نرخی قازەوە، برادۆستی ده‌ڵێت، “قازی گەورە و ته‌مه‌ن دوو ساڵ و پێگەیشتووی نێر بە 40 بۆ 35 هەزار دینارە، به‌ تایبه‌تی ئەگەر گەورە و شەش كیلۆیی بێت، بەڵام ئەگەر دوو كیلۆ تا دوو كیلۆ و نیو بێت، 25 بۆ 30 هەزار دینارە.

نرخی قەل و قاز لە زستانی ئەم ساڵ بە بەراورد بە ساڵی رابردوو زۆر گران بوو، هەر كیلۆیەك قاز، حەوت هەزار دینار و نرخی یەك كیلۆ قەل پێنج هەزار دینار بەرزبووەتەوە.

ئەم ساڵ خواستی هاوڵاتیان لەسەر گۆشتی قاز زیاتر بووە وەك لە گۆشتی قەل، ساڵانەش لە هەرێمی كوردستان لە وەرزی زستاندا، هاوڵاتیان روو لە كڕینی قەل و قاز دەكەن، گۆشتی قەل و قاز خواستێكی زۆری لەسەرە و له‌م وه‌رزه‌دا زیاتر ده‌خورێن.