پڕۆژەیەک هەیە

دانیشتوانی گەڕەکی شارەوانی سلێمانی چیتر بێئاوی نابیننەوە

پێشەوا محەمەد

دانیشتوانی گەڕەکی شارەوانی کێشەی بێئاوییان نامێنێت و ئێستا پڕۆژەیەک ئامادەیە بۆ گۆڕینی بۆرییەکەیان.

لەسەر داهاتی 17%ـی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی بڕیاری گۆڕینی بۆریی ئاوی گەڕەکی شارەوانی بە 341 ملیۆن و 180 هەزار و 310 دیناری بۆ تەرخان کراوە.

بە پێی بەدواداچوونێکی 964، گەورەیی گەڕەکەکە وای کردبوو ئەو بۆرییەی پێشتر بۆی داندرابوو توانای گەیاندنی ئاوی بە هەموو کۆڵانەکان نەبووە بەتایبەت لە هاویناندا و بەردەوام زیاتر لە 200 ماڵی گەڕەکەکە دەبوو ئاویان بکڕیایە.

بەختیار تاهیر، بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، کێشەی ئاوی ئەو گەڕەکە کێشەیەکی کۆن بوو و دانیشتوانەکەشی دەمێک بوو داوای چاککردنیان کردبوو.

وتیشی، “ئێمە دەمێک بوو پڕۆژەمان دابوو بە سەرو خۆمان بۆ چارەسەرکردنی ئاوی ئەو گەڕەکە و چاوەڕێی وەڵام بووین”.

لەناو شاری سلێمانی سێ رۆژ جارێک بۆ زیاتر لە سێ کاتژمێر ئاو بەسەر هاوڵاتیاندا دابەش دەکرێت.