جوتیارێک بەرهەمی پەتاتەی بارکردووە - وێنە: 964+
رەوانەی دەرەوەشی دەکات
هەرێم لە چپس و فینگەردا پێویستی بە دەرەوە نەماوە
964+
پێشەوا محەمەد
11 کارگەی بەرهەمهێنانی چپس و فینگەر لە هەرێم بوونیان هەیە و بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم بێت، پێویستی ناوخۆ پڕ دەکەنەوە و لێشی دەنێردرێتە دەرەوە.
وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لێکتێگەیشتنێکیان لەگەڵ ئەو 11 کارگەیە هەیە، بۆ بەرکارهێنانی بەرهەمی پەتاتەی جوتیارانی ناوخۆ و هەروەها پاراستنی بەرهەمی ئەو کارگانەش بەرامبەر بەرهەمە دەرەکییەکان.
بەپێی ئەو ئامارەی 964 لە وەزارەتی کشتوکاڵەوە دەستی کەوتووە، ئەو کارگانە ساڵانە پێویستیان بە زیاتر لە 250 هەزار تۆن پەتاتە هەیە و بەشی زۆری پەتاتەکە هی ناوخۆیە.
هەرێمی کوردستان ئەمساڵ 600 هەزار تۆن پەتاتەی هەبووە، پێویستی ناوخۆ نزیکەی 130 هەزار تۆنە بۆ خواردن، ئەوەی دیکەی بەشێکی دەدرێت بە کارگەکانی چپس و فینگەر و بەشێکیشی دەنێردرێتە دەرەوە.
ئەو زانیارییانەی لە وەزارەتی کشتوکاڵەوە دراون بە 964 دەری دەخەن، ئەو کارگانە پێویستی هەرێم بە چپس و فینگەر پڕدەکەنەوە و ئەوەی دەشمێنێتەوە بۆ پارێزگاکانی تری ناوەڕاست و باشووری عێراق رەوانە دەکرێت.
لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 30 جۆر پەتاتە بەرهەمدەهێنرێت.