به‌ یادی كوشتنی قاسم سوله‌یمانی له‌ كه‌ركوك پشووه‌

964+
كاروان ساڵحی- كەركوك

بەبۆنەی یادی سێ ساڵەی كوشتنی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیسەوە لە كەركوك سبەی كرایە پشوو.

سبەی سێشەممە، سێی كانونی دووەمی 2023، سێ ساڵ بەسەر كوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری پێشووی سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی تێدەپەڕێت، به‌م بۆنه‌شه‌وه‌ لە پارێزگای كەركوك پشووی فەرمییە.

عەلی حامدی، یاریدەدەری پارێزگاری كەركوك بە 964+ی راگەیاند، بەبۆنەی یادی سێ ساڵەی كوشتنی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیسەوە سبەی لە سەرجەم دامودەزگه‌كانی پارێزگای كەركوك پشوی فەرمیی دەبێت.

هاوكات ساڵی پار ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك ساڵرۆژی یادەكەی كردە پشووی فەرمی.

بەرەبەیانی سێی کانوونی دووەمی 2020، فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئەمریکا هەریەکە لە قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیسی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا کردە ئامانج و هەردووکیان کوژران.

هاوكات جگه‌ له‌ كه‌ركوك، هه‌ر به‌م بۆنه‌یه‌وه‌ سبه‌ی له‌ پارێزگاكانی دیكه‌ی وه‌ك به‌غدا، به‌سڕه‌، دیاله‌، كوت، موسه‌ننا، بابل و دیوانییه‌ پشووی فه‌رمییه‌.