بەشێک لە یەکەکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە لە سیتەکی سلێمانی - وێنە: 964
یەکەکان زیاتر لە نۆ هەزار دانەن
3٪ـی یەکەکانی نیشتەجێبوون دەدرێن بە خاوەن پێداویستە تایبەتەکان
964+
ژووری هەواڵ
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و کاروباری کۆمەڵایەتی رێککەوتن بە دابینکردنی رێژەی 3٪ـی ئەو یەکانەی دروستدەکرێن بۆ کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت.
ئاریان ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بە 964ـی راگەیاند، ئەو رێژە لە یەکەی نیشتەجێبوون بە شێوەی قیست دەدرێت بە کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت، ماوەی دانەوەی قیستەکە 20 ساڵە.
وەزارەتی کار دەڵێت، مەبەستیەتی کە زیاتر ئەو کەسانە سوودمەند ببن کە رێژەی کەمئەندامییەکەیان زۆرە و هەموو ئەو خاوەن پێداویستە تایبەتانە دەگرێتەوە کە لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە نیشتەجێن.
“یەکەکان زیاتر لە نۆ هەزار یەکەی نیشتەجێبونەو لە چوارچێوەی یاسای نیشتەجێبوندا دروستکراون، کە بەشێکیان تەواوبون و بەشێکیان کارکردن تیایاندا بەردەوامە”، وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی وا دەڵێت.
بەگوێرەی داتاکانی حکومەتی هەرێم، ژمارەی ئەو خێزانانەی لە هەرێمی کوردستان لە خانووی کرێ دەژین گەیشتووەتە 200 هەزار خێزان.
ئەمساڵ دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، خەمڵاندنی بۆ ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان راگەیاند، بەپێی خەمڵاندنەکە بێت لەهەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان، حەوت ملیۆن و 426 هەزار کەس دەژین.