بڕۆ ئەمنە سوورەکە و چیتر بە ئینتەرنێت هۆگر مەبە

964+

شاڵاو عەلی – سلێمانی

لە گەلەری ئەمنە سوورەکەی سلێمانی، هۆگربوونی مرۆڤ بە ئینتەرنێتەوە کرا بە پێشانگەیەکی هونەری و دوو نیگارکێش کارەکانیان نمایش کرد.

نیگارکێشەکان 25 تابلۆیان بردووەتە پێشانگاکە و تەنیا ئەمڕۆ سێشەممە پێشان دەدرێن.

هاوکات، لەپاڵ پێشانگەکەدا خانمانی دەستڕەنگینیش، بە چەند کارێکی دەستی خۆیان بەشداربوون.

لەنیا سامان، خانمە نیگارکێشێکە کە لە 12 تابلۆدا خەیاڵی خۆی بەیان کردووە و لایەنی خراپی هۆگربوونی مرۆڤ بە ئینتەرنێتەوە پێشان دەدات.

لەنیا سامان بە 964+ی وت، “بیرۆکەکەم بەلاوە زۆر تایبەت بوو، بۆیە بڕیارم دا بەشداریی بکەم، چونکە بیرۆکەی هەر کارێک گرنگە بۆ هونەرمەند، تا بزانێ چۆن خۆی لەگەڵدا بگونجێنێت.”

میوان قەرەداغی، سەرپەرشتیاری پێشانگاکەش دەڵێت، ئامانجیانە هۆشداری بدەن بە هاوڵاتیان سەبارەت بە هۆگربوونیان بە ئینتەرنێت و دنیای سۆشیال میدیاوە بەو شێوە قووڵە، کە لە ئاییندەدا هەست بە خراپییەکانی دەکرێت.