قەرەباڵغی شەست مەترییەکەی سلێمانی کەم دەبێته‌وه‌

964+
رێژوان مامە قادر – سلێمانی

ئەندەرپاسێکی نوێ لە شەقامی شەست مەتری سلێمانی دروست دەکرێت و قەرەباڵغیی سەر شەقامەکە كه‌م دەکاتەوە، سه‌رمایه‌دارێكی سلێمانی بودجه‌ی پرۆژه‌كه‌ی دابین كردووه‌.
ئەندەرپاسەکە بە ناوی فاروقی مەلا مستەفاوەیە، هەر ئەویش بودجەی بۆ دابین کردووە و شارەوانیی سلێمانی سەرپەرشتی دەکات، كه‌ درێژییه‌كه‌ی 500 مەتره‌ و بودجەکەی 7 ملیار و 300 ملیۆن دینارە.

شێرکۆ ئەحمەد ئەندازیار لە بەشی پڕۆژەکانی شارەوانیی سلێمانی بە 964+ـی وت، “ئەندەرپاسەکە لە گەڕەکی ئیبراهیم پاشاوە بە ژێر شەقامی شەستی دەپەڕێتەوە بۆ گه‌ڕه‌كی ئیبراهیم ئەحمەد، کە یەک سایدە و ئیبراهیم پاشا و ئیبراهیم ئەحمەد بەیەکەوە دەبەستێتەوە”.

دروستکردنی ئەندەر پاسەکە بۆ کەمکردنەوەی ئەو قەرەباڵغییە زۆرەیە، کە لەسەر یوتێرنی لای نه‌خۆشخانه‌ی فاروق هەیە و85٪ ئەو قەرەباڵغییە کەم دەکاتەوە.

شێرکۆ ئەحمەد وتی: پڕۆژەکە هەموو خزمەتگوزارییەکانی وەک رووناکی، ئاو و ئاوەڕۆ، شۆستە و بیهارتۆن و سەوزایشی تێدایە”.

پڕۆژەیەكه‌ له‌ رۆژی 4ی مانگی رابردوو ده‌ستی پێكردووه‌ و و بڕیارە لە کۆتایی ساڵی 2023 تەواو بکرێت، كه‌ به‌ گشتی هاتوچۆی هەریەک لە گەڕەکەکانی كازیوە، ئیبراهیم ئەحمەد، هیوا و پەری ئاسان دەکات.