لە هەڵەبجە غاز دەستناکەوێت
964+
محەمەد عومەر – هەڵەبجە
ماوەی دوو مانگە قەیرانی غاز لە پارێزگای هەڵەبجە سەریهەڵداوە. ئیدارەی شارەکە دەڵێت، بۆ چارەسەرکردنی کەمبوونەوەکە تەنیا بریکارەکانی غاز بۆیان هەیە سەردانی کارگەکان بکەن.
964+ دەزانێت، پێشتر هاوڵاتیانی پارێزگاکە سەردانی کارگەکانی غازیان کردووە و “زیادەڕەوییان” لە پڕکردنەوەی بتڵی غازدا کردووە.
زوهرە یوسف، سەرۆکی لیژنەی سوتەمەنی لە ئەنجومەنی پارێزگای هەڵەبجە بە 964+ـی راگەیاند، کەمبوونەوەی غاز لە پارێزگای هەڵەبجە دوو مانگە بەردەوامە و سەرەڕای چەندین نوسراو بۆ لایەنە پەیوەندارەکان، بەڵام هەروەک خۆیەتی.
بە پێی ئەو زانیارییەی قائیمقامییەتی هەڵەبجە بە 964+ـی داوە، 45 بریکاری غاز لە پارێزگاکەدا بوونیان هەیە و غاز بەسەر ماڵان و دوکان و شوێنە گشتییەکاندا دابەش دەکەن.
کەمیی غاز لەو پارێزگایە هەندێ جار بووەتە هۆکاری وەستانی ئیشوکاری هاوڵاتیان.
کامەران محەمەد، کە کارگەیەکی دروستکردنی شیرینی لە شاری هەڵەبجە هەیە بە 964+ـی وت، دوو هەفتە پێش ئێستا بۆ ماوەی چوار رۆژ بەهۆی بێ غازییەوە دوکانەکەی داخستووە.