دوای دوو هەفتە لە ونبوونی تەرمەکەی لە قەرەداغ دۆزرایەوە

964+

دیلان محەمەد – سلێمانی

دوای دوو هەفتە لە ونبوونی، تەرمی پیاوێکی 46 ساڵ لە ناوچەی قەرەداغی سەر بە پارێزگای سلێمانی دۆزرایەوە. بە وتەی خێزانەکەی لە ماوەی نۆ ساڵدا ئەوە سێیەم کوڕیانە دەکوژرێت.

ئەو کەسەی کوژراوە ناوی بورهان لەتیفە و خەڵکی سەنگاوە و خێزاندارە.

قادر لەتیف، برای کوڕە کوژراوەکەیە و بۆ 964+ـی روونکردەوە، ئەو برایەی پیشەی کرێکار بووە و لە ناوچەی تانجەرۆی سلێمانی کاریکردووە، بەڵام ماوەی 13 رۆژ بێسەروشوێن بووە، “ئەم ئێوارەیە پۆلیس پێی وتین بچین تەرمەکەی وەربگرینەوە.”

باسی لەوەشکرد، ساڵی 2014 دوو برای تریان بەیەکەوە لە گەڕەکی هوانە لە شاری سلێمانی کوژراون.

“تا ئێستا نازانین بە چی کوژراوە و راپۆرتی پزیشکیی دادیشمان وەرنەگرتووەتەوە”، برای کوژراوەکە وای وت.