سیپە ٦٨ ساڵە سەیرانکەری بۆ دەچێ

لە 1956 بە رووی گەشتیاران کراوەتەوە

میدیازان – زەید کۆچەر – دهۆک

سیپەی ئاکرێ، یەکێکە لە ناوچە گەشتیارەکانی دەڤەری ئاکرێ، لە سەردەمی پادشایەتییەوە تائێستا باوەشی بۆ گەشتیاران کراوە بووە.

هاوینەهەواری سیپە، ساڵی ١٩٥٤ لەسەردەمی پادشایەتی لەلایەن شاکر فەتاح، قایمقامی ئەوکاتی ئاکرێ بەردی بناغەی دانراوەو ساڵی ١٩٥٦  بەڕووی گەشتیاراندا كراوەتەوە.

ناوی ناوچە گەشتیارییەکە لە تاڤگەی شوێنەکە وەرگیراوە کە بەکرمانجی بە تاڤگە دەوترێت، سیپە، ئەو ناوەش لە چەندان گۆرانی و شیعردا بوونی هەیە.

دوکاندارێک کە قسەی بۆ پەیامنێری میدیازان کردووە دەڵێ، زۆرینەی ئەو گەشتیارانەی روو لە سیپە دەکەن، عەرەبن، هەرچی خەڵکی خۆمانە زیاتر لە پشووەکان و رۆژانی هەینی روو لە سیپە دەکەن.

ئاکرێ، لە ساڵی ١٨٧٧ لەسەردەمی عوسمانییەکانەوە بووەتە قەزا. لە رووی جوگرافییەوە کەتووەتە نێوان سێ چیا، ئەمەش وایکردووە ببێتە ناوچەیەکی گەشتیاری، لەگەڵ ئەمەشدا بە برنجی کوردی و هەنجیرو هەناریش بەناوبانگە. لەڕووی کارگێڕییەوە، لەدوای راپەڕینەوە خراوەتەسەر پارێزگای دهۆک،چونکە پێشتر سەر بە موسڵ بوو.

لە هاوینەهەواری سیپە، بازاڕێکی گەورە هەیە کە دەرفەتی کاری بۆ چەندان کەس رەخساندووە.

گەنجێکی دوکاندار دەڵێ، زۆرینەی ئەو گەشتیارانەی روو لێرە دەکەن، داوای برنجی کوردی و هەنجیرو هەنار دەکەن.