٢٦ ساڵە ئەو کارە دەکەن

شیرین و رەمزییە بوونە پێشنەگی ژنانی دهۆک لە بواری خانوبەرە

میدیازان – هەژین فاتیح – دهۆک

شیرین و رەمزیە – میدیازان

رەمزیە و شیرین، ٢٦ ساڵە دەستبەرداری خەونەکەیان نەبوون، چیتر لە ماڵەوە کاری کڕین و فرۆشتنی خانوبەرە ناکەن و نووسینگەیان کردەوە وەک یەکەم ژنی بادینان.

ژووری پیشەسازی و بازرگانی دهۆک، مۆڵەتی ژمارە (٢٧٠١)ـیان دا بە خاتوو رەمزییە شەعبان، بۆ کردنەوەی نووسینگەی خانم، بۆ کڕین و فرۆشتنی خانووبەرە.

رەمزییە شەعبان، کە قسەی بۆ میدیازان کردووە دەڵێ، ساڵی ١٩٩٦ لە ماڵەوە، کاری کڕین و فرۆشتنی خانوبەرەم کردووە لەسەر ئاستی گەڕەکی خۆمان، ماوەیەکی زۆریش لەو ئیشە بەردەوام بوومە، بەڵام دەرفەت نەبووە نووسینگەی تایبەتی خۆم بکەمەوە لەبەر هۆکاری کۆمەڵایەتی.

دوای ٢٦ ساڵ، ئەمجارە نووسینگەی خانوبەرە، رەمزییە، ئاشنا دەکاتەوە بە هاوڕێی منداڵی و لەگەڵ شیرین شەعبان، کە ئەویش پێشتر کاری خانوبەرەی کردووە، نووسینگەیەکی عەقارات بەیەکەوە دەکەنەوەو دەبنە یەکەم ژن لە دهۆک کە بە فەرمی نووسینگەی عەقارات بکەنەوە.

شیرین شەعبان محەمەد، بە میدیازانی راگەیاند کە رەمزییە، هاوڕێی منداڵی ئەوەو ماوەیەک پێش ئێستا پێشنیاری ئەوەی بۆ کردووە کە بەیەکەوە نووسینگەیەک دامەزرێنین. زیاتر وتی “مانگێک بیرمان لێکردەوەو دواتر بڕیارمان دا، چونکە قسەمان لەسەر ئەوەشکرد کە شووشتنگەی ئۆتۆمبێل دامەزرێنین یان نووسینگەی خانوبەرە”.