ئەپڵ بۆ قەبارەی رامی ئایفۆن زیاد ناکات؟

+964

بڵند عوسمان

نزیکەی سێ ساڵە ئەپڵ لە ئایفۆنە ئاست بەرزەکانیدا رامی قەبارە شەش گێگابایتی بەکاردەهێنێت و زیادی نەکردووە.

ئەپڵ، یەکێکە لەو کۆمپانیایانەی لە کاتی ناساندنی ئایفۆنە نوێیەکانیدا هیچ کات ئاماژە بە قەبارەی رامی مۆبایلەکانی نادات، بەڵکو تەنیا ئاماژە بە تواناکانیان دەدات.

لە جیهانی ئەندرۆید بە پێچەوانەی جیهانەکەی ئەپڵ بەشێوەیەکی زۆر بەرچاو ئاماژە بە قەبارەی رام دەدرێت، لە هەندێک جۆری مۆبایل دەگاتە 18 گێگابایت کە سێ هێندەی قەبارەی رامی باشترین ئایفۆنە.

رام، بەشدارە لە بەرزکردنەوەی ئاستی مۆبایلە زیرەکەکان، بەڵام هەبوونی زۆرترین ژمارە مانای باشترین نادات، هەروەکو دەبینین جیاوازیێکی زۆر هەیە لە نێوان قەبارەی مۆبایلە ئەندرۆیدەکان و ئایفۆنەکان بەڵام لە زۆر باردا ئایفۆنەکان زۆر بەهێزتر دەردەکەون، کە ئەویش دەگەڕێتەوە بۆ هۆکاری تر وەک هەبوونی سیستەمێکی تۆکمەتر لەلایەن ئەپڵ بەراورد بە ئەندرۆید.

ڕام بەشێکی گرنگە لە ئامێرە زیرەکەکان، کورتکراوەی (Random Access Memory) کە بەمانای بیرگەی کاتی دێت، واتا ئەو داتایانەی تێدا کۆدەبێتەوە کە کاتین و دوای ماوەیەکی کەم دەسڕدرێنەوە.