دیمەنێکی گشتی شاری سلێمانی- وینە: 964
400 یەکەن
لە سلێمانی پڕۆژەیەک بە قیستی درێژخایەن شوقە دەداتە کرێکاران
964+
پێشەوا محەمەد
لقی سلێمانی سەندیکای کرێکاران لەگەڵ پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون رێککەوتووە و یەکە بۆ کرێکاران بە قیستی درێژخایەن دابین کراوە.
پڕۆژەکە سێنتراڵ پارکە و 400 شوقەی بۆ کرێکاران دابین کردووە، بە قیستی مانگانەی 200 دۆلار بۆ ماوەی 13 ساڵ.
چالاک رەئوف، سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای کرێکارانی کوردستان رایگەیاند، ئەو یەکانە بۆ ئەندامانی سەندیکاکەن و ئەگەر بزانن داواکاریی زۆرە هەوڵی زیادکردنی دەدەن.
وتیشی، “لە ماوەی دوو مانگدا دەبێت ئەو کرێکارانەی ئەو یەکانەیان دەوێت لە سەندیکا ناو تۆمار بکەن و دواتر بە شێوەی تیروپشک یەکەکان رادەگەیەندرێن”.
یەکەکان بە پێنج دەفتەر و 60 وەرەقەن. سەبارەت بە پێشەکییەکەش، چالاک رەئوف وتی، “پێشەکییەک داندراوە نایدرکێنین، چونکە ئەگەر کرێکارێک چووە کۆمپانیاکە و ئەو بڕەی پێ هەڵنەسوڕا هاوکاریی دەکرێت و بۆی کەمدەکرێتەوە”.
لقی سلێمانی سەندیکای کرێکارانی کوردستان زیاتر لە پێنج هەزار ئەندامی هەیە.