یەکەی نیشتەجێبوون دەدرێتە ژنانی داڵدەدراو و منداڵانی بێسەرپەرشت

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

وەزارەتی کار، یەکەی نیشتەجێ بوون دەدات بە ژنان و منداڵانی بێ نەواو بێ لانە.

وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، بە نووسراوی ژمارە (1314-22/8) لە حەوتی تشرینی دووەمی 2022، داوای لە ئەنجومەنی وەزیران کردووە ئەو یەکانە دابین بکرێن.

ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران بە نووسراوی (4389) لە 22ـی کانونی یەکەم، رەزامەندی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بە نووسراوی ژمارە (1592) لە 18ـی کانونی یەکەمی 2022، لەسەر دابینکردنی یەکەی نیشتەجێبوون داوە.

وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، لە پەیجی خۆیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک هەردوو نووسراوەکەیان داناوە.

ئەو منداڵانەی لە خانەی نەوجەواناندا دەبنە 18 ساڵ، چیتر ناتوانن لە خانەکە بمێننەوە، هەروەها ئەو ژنانەی لە لایەن خێزانەکانیان وەرناگیرێنەوە، بڕیارە لەو 20 هەزارەی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کرێنشینان، یەکەیان پێبدرێت.

ئاریان ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بە 964+ـی وت “بەو بڕیارە کێشەی ئەو منداڵانەو ئەو ژنانە چارەسەر دەبێت، بەڵام تا ئێستا نازاندرێت چەند کەس لەو بڕیارە سوودمەند دەبن”.

حکومەتی هەرێم ناوەڕاستی ساڵی رابردوو بریاری دروستکردنی 20 هەزار یەکەی کرێنشینانی دا لە هەرێمی کوردستان، کە بە پێشەکیی کەم و قیستی درێژخایەن دەدرێت بە کرێنشینان.