هەشت ساڵە وەک پارێزگا دان بە هەڵەبجەدا نەنراوە
964+
توانا نەقی – هەولێر
دوای هەشت ساڵ لە بوونی بە پارێزگا، حکومەتی عێراق دەڵێ: کاتی هاتووە دانی پێدابنێین.
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند “پشتیوانی رێکارەکانی بە پارێزگا بوونی هەڵەبجە دەکەم، ئەوەش ئەرکە لەسەر حکومەت لەم ماوەیەدا ئەو بڕیارە جێبەجێ دەکرێت”.
ئاریان تاوەگۆزی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە 964+ـی وت “لە عێراقیش هەڵەبجە بە پارێزگا ناو دەبەن بەڵام لە وەزارەتەکان وەک پارێزگا مامەڵەی لەگەڵدا ناکەن و رێکارەکانی بە پارێزگابوونی بۆ جێبەجێ ناکەن”.
“یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان ئەوەیە کە داهاتی ئەو خاڵە سنوریانەی دەکەوێتە هەڵەبجەوە بگەڕێتەوە بۆ بەغداد، هەروەها حکومەتی هەرێم پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەغداد باش بکات و بە تایبەت رێکەوتن لەسەر بودجە هۆکار دەبێت بۆ چارەسەرکردنی ئەو بابەتە”. ئاریان تاوەگۆزی وای وت.
964+ پەیوەندی بە پارێزگاری هەڵەبجەوە کرد، بەڵام ئامادە نەبوو قسە لەسەر ئەو بابەتە بکات.
لە 13ـی ئازاری 2014، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ئەوکاتی حکومەتی هەرێم، واژۆی لەسەر بە پارێزگابوونی هەڵەبجە کرد.