تاکە کەسێک خەمی گوندێکی هەڵگرتووە

پردی دروستکردووە و قوتابخانەکە نۆژەن دەکاتەوە

میدیازان – سەعید محەمەد – هەولێر

پردەکە لە کاتی درووستکردن – میدیازان

لەگوندی باستامی سەر بە قەزای خەبات کەسێک پردێک بۆ گوندەکە دورست دەکات، کە بووبووە ئاستەنگی هاتووچۆی خوێندکاران و دانیشتوانەکەی و دواتریش قوتابخانەی گوندەکەش نۆژەن دەکاتەوە. 

هشیار هەرکی، ئەو کەسەیە بە ئەنجامدانی کارەکە هەستاوە و بە میدیازانی ڕاگەیاند: چەندین ساڵە هاووڵاتییانی گوندەکەمان بە دەست ئاستەنگی هاتووچۆ و نەبوونی پردێکی گونجاو لە ناوچەکە دەناڵێنن، بۆیە پردێکم بە پێنج هەزار دۆلار دروست کرد.

“پردەکە پێنج هەزار دۆلاری تێچووە”

هشیار هەرکی

خراپی پردەکە وای کردبوو تا ئێستا زیاتر لە دوو قوتابی تووشی سەرسوران ببوون بەرببونەوە لە کاتی ڕۆیشتن بەسەریدا کەوتوونەتە خوارەوە.

پردەکە پێشتر بەم جۆرە بووە – میدیازان

ئەو وتیشی: گوندەکەمان قوتابخانەیەکی کۆنی تێدا بوو، بەناوی قوتابخانەی باستامی بنەڕەتی، کە گونجاو نەبوو بۆ خوێندن و شوێنی ئاو خواردنەوەی پیس و بۆریی ئاوەکانی شکا بوون، ئەویشم بە یەک ملیۆن دیناری عێراقی نۆژەن کردەوە.”

پردەکە دوای تەواوبوونی – میدیازان

لە ئێستادا گوندەکە پێویستی بە دوو کابینەیە بۆ قوتابخانەکە، داوایان لە لایەنی پەیوەندیدار کردووە، بەڵام هشیار دەڵێت ئەگەر دابین نەکرێت خۆی هەوڵی دابینکردنیان دەدات

گوندی باستام سەر بە قەزای خەبات کە نزیکەی 5 کیلۆمەتر لە سەنتەری قەزای خەبات دوورە و نزیکە 200 ماڵی تێدایە، تەنها یەک قوتابخانەی تێدایە لە پۆلی یەکی سەرەتایی تا پۆلی حەوت قوتابی دەتوانی تێیدا بخۆێنێت.