بینای نابینایان گڕ دەگرێت

964+

پیشەوا محەمەد – سلێمانی

شەوی رابردوو بەشێکی بینای یەکێتیی نابینایان و هۆڵەکەیان بەهۆی شۆرتی کارەباوە دەسووتێت. سەرۆکی یەکێتییەکەش دەڵێت، زیانی نزیکە 35 هەزار دۆلار بەر بیناکەیان کەوتووە.

بینای یەکێتیی نابینایان دەکەوێتە سەر شەستییەکەی سلێمانی، نزیک نەخۆشخانەی شار.

964+ دەزانێت، کاتژمێر دووی بەرەبەیانی ئەمڕۆ بینایەکە گڕی گرتووە.

عومەر خدر، سەرۆکی لقی سلێمانیی یەکێتیی نابینایان بە 964+ـی وت: ئاگرکەوتنەوەکە بەهۆی شۆرتی کارەباوە بووە، هۆڵەکە هەمووی سووتاوە لەگەڵ بەشێکی بیناکە.

دەشڵێت؛ زیانی نزیکەی 35 هەزار دۆلار بەر بیناکە کەوتووە و داواکارین هەرچی زووە بۆمان نۆژەن بکرێتەوە.

یەکێتیی نابینایان لە پارێزگای سلێمانی نزیکەی هەزار و 500 ئەندامیان هەیە.