یانەی زاخۆ لەسزای دەبە ئاوەکان رازی نییە

تانەیان پێشکەش یەکێتی تۆپی پێی عێراق کرد

یاریزانانی یانەی وەرزشی زاخۆ لەکاتی خۆگەرم کردندا پێش یارییەکەیان بەرانبەر سەناعە- فۆتۆ/ میدیازان

میدیازان – شڤان عەبدوڵلا- زاخۆ

یانەی زاخۆ تانە لە بڕیارەکەی یەکێتی تۆپی پێی عێراقداو پێیان وایە دەبە هاویشتن ئەوە ناهێنێت لەسەری دە ملیۆن سزا بدرێن.

رۆژی ١٤ـی ئەم مانگە، لەچوارچێوەی خولی نایابی عێراقدا یانەی وەرزشی زاخۆ لەسەر یاریگای خۆی لە زاخۆ، پێشوازی لە یانەی وەرزشی سەناعە کرد، یارییەکەشی بە دوو گۆڵی خاوێن لێبردەوە.

دوای تەواوبوونی یاریەکەو لەکاتی چوونەدەرووەی یاریزانانی تیپی میوان، بەشێک لەهاندەرانی زاخۆ، دەبەی ئاویان لە یاریزانانی سەناعە گرد، بەو هۆیەوە یاریزانانی سەناعە زیاتر لەکاتژمێرێک لە یاریگا مانەوە تا توانرا کۆنتڕۆڵی دۆخەکە بکرێت و بەسەلامەتی یاریگا جێبێڵن.

دەستپێکی یارییەکە- ڤیدیۆ / میدیازان

لەسەر ئەو رەفتارەی هاندەرانی یانەی زاخۆ، یانەی سەناعە لە بەیاننامەیەکدا داوای لە یەکێتی تۆپی پێی عێراق کرد کە لێپرسینەوە بکەن، ئەگەر “لێپرسینەوە نەبێت ئەمە رێگای ئەوە خۆشدەکات کە شاندی یانەکان بەردەوام گیانیان لە مەترسیدا بێت و هاندەرانی یانەکانی دیکەش هاندەدات ئەو کارانە بکەن”.

یەکێتی تۆپی پێی عێراق، بەدواداچوونی لەسەر رووداوەکە کردو دواتریش بڕیاری سزادانی یانەی وەرزشی زاخۆی بە دە ملیۆن دینار راگەیاند، بەڵام ئێستا زاخۆ بەو بڕیارە رازی نییە.

دلژار عەدنان، بەرپرسی راگەیاندنی یانەی وەرزشی زاخۆ لە لیدوانێکی تایبەت بۆ میدیازان رایگەیاند، بەفەرمی تانەمان لە بڕیارەکەی یەکێتی تۆپی پێی عێراق داوە، وتی “ئێمە شایانی ئەو سزایە نین، ٩٧٪ـی میواندارییەکە ئەرێنی بووە، حالەتی وەهاش لەناو هەموو یاریگایەک روودەدات”.