ئەو قارچکەی کە بووەتە هۆی ژەهراویبوونی شەش کەسەکە. فۆتۆ: نەخۆشخانەی فێرکاری رانیە
براونەتە نەخۆشخانە
لە رانیە قارچک شەش کەسی ژەهراوی کرد
ژووری هەواڵ
لە رانیە، شەش کەس جۆرێک لە قارچکیان خواردووە کە شیاو نییە بۆ خواردن، بەوهۆیەوە هەر شەشیان ژەهراوی بوون و گەیەندراونەتە نەخۆشخانە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 27.12.2023، فەرمان ئەحمەد، بەڕێوەبەری کارگێڕی نەخۆشخانەی رانیە بە 964ـی وت، بەهۆی خواردنی قارچکەوە شەش کەس باری تەندروستیان تێکچووە و ژەهراوی بوون و براونەتە نەخۆشخانەکە و تا ئێستا یەک کەسیان لە نەخۆشخانە ماوە، “ئەوانی دیکەش لەسەر بەرپرسیاریەتی خۆیان رۆشتوونەتەوە”.
“نەخۆشەکان توشی سکچوون و رشانەوە بوون و چارەسەری پێویستیان بۆ کراوە و باری تەندروستیان جێگیرە”، نەخۆشخانەکە وا دەڵێت.
بەوتەی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە، ئەو کەسانەی ژەهراوی بوون، قارچکەکەیان لە چەند ناوچەیەک لە دەوروبەری رانیە هێناوە و خواردویانە.
لە جیهاندا 14 هەزار جۆری قارچک هەیە، لە دارستان و دەشت و شاخ و تەنانەت بنی دەریاکانیشدا دەردێن و دەژین، بەشێکی قارچكهكان دەخورێن و زۆر بەسوودن و بەشێکیشی تاڕادەی مردن ژەهراویین.