"بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان"

گەنجێک لەناو بازاڕی سنە کوژرا

964+

پێشەوا محەمەد

گەنجێک لە ناو بازاڕی سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان کوژراوە و رێکخراوی هەنگاو دەڵێت، هێزە ئەمنییەکان بە تەقەی راستەوخۆ کوشتوویانە.

بە پێی گێڕانەوەی ئەو رێکخراوە، کە چاودێریی رەوشی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکات، ئەو گەنجەی کوژراوە ناوی کاوە گەوێڵی بووە و 37 ساڵ بووە و خەڵکی گوندی کێڵانەی نزیک شاری سنە بووە.

ئاماژە بەوەش کراوە، دوای ئەوەی شەڕ و تێکهەڵچوون لە نێوانی خەڵکی گەڕەکی 25ـی شاری سنە رووی داوە و ئەو هێزانە بە مەبەستی ناوبژیوانی خۆیان گەیاندووەتە شوێنی تێکهەڵچوونەکە، سپرای بیبەریان بە دەموچاوی کاوەدا کردووە و هاوکات تەقەشیان لێ کردووە، “دواتر گوللـەشیان بە لای چەپی سینگییەوە ناوە و پاش ئەوەی کە بە سەختی بریندار بووە، بەسەر زەویدا رایانکێشاوە و بردوویانە بۆ بنکەی کەڵانتەری 15ـی ئەو هێزانە”.

زانیارییەکانی رێکخراوەکە باس لەوەش دەکات، کاوە گەوێڵی دوای کاتژمێرێک لە بنکەی کەڵانتەری هێزە ئەمنییەکان گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی “کەوسەر”ـی شاری سنە و لەو نەخۆشخانەیە گیانی لەدەست داوە.

سەرچاوەکی نزیک لە بنەماڵەی گەوێڵی بە رێکخراوی هەنگاویان وتووە، “هێزە ئەمنییەکانی ئێران لەناو بنکەی کەڵانتەری 15 دیسان بە شێوەیەکی دڕندانە لێیان داوە”.

“ناوەندە ئەمنییەکان هەڕەشەیان لە بنەماڵەکەشی کردووە و پێیان راگەیاندوون نابێت هیچ جۆرە زانیارییەک لەم بارەیەوە بڵاو بکرێتەوە و لەم پەیوەندییەشدا بەڵێننامەیان پێ پڕ کراوەتەوە و ناشتنەکەشی لە ژێر هەلومەرجێکی ئەمنیی توندوتۆڵدا بووە”، رێکخراوی هەنگاو وادەڵێت.

هەنگاو: بەندکراوێکی کورد لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەس...

هەنگاو: بەندکراوێکی کورد لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەستدا