هەر دانیشتنێکی پەرلەمان 4.309.440.000 دینار لەسەر خەڵکی کوردستان کەوتووە

+964

فەرمان سادق

پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی رابردوو تەنیا 25 دانیشتنی ئەنجامداوە، بەمەش هەر دانیشتنێکی زیاتر لە چوار ملیار دینار کەوتووە.

بەپێی بەدواداچوونێکی +964، پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی 2022 بە هەردوو خولی گرێدانی بەهارەو پایزە، تەنیا 25 دانیشتنی ئەنجامداوە.

بەپێی مادەی 51ـی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، لە بڕگەی یەکەمدا هاتووە کە پەرلەمانتاران رۆژانی یەکشەممە بۆ کاروباری هاوڵاتییان دادەنیشن، رۆژانی دووشەممە تایبەت کراوە بە دانیشتنی لیژنەکانی پەرلەمان، رۆژانی سێشەممەو چوارشەممە تایبەت کراوە بە دانیشتنەکانی پەرلەمان، هەروەها رۆژانی پێنجشەممە تایبەت کراوە بە کۆبوونەوەی پەرلەمان لەگەڵ حکومەت بۆ پرسە هەنووکەییەکان، بەمەش هەفتانە پەرلەمان دەبێت سێ دانیشتن ئەنجامبدات.

ساڵێکی تەمەنی پەرلەمان بەسەر دوو وەرزی دانیشتن کراوە، ئەوانیش وەرزی بەهارەو وەرزی پایزە کە هەر وەرزێکیان چوار مانگە، لەگەڵ ئەوەشدا پەرلەمان دوو مانگ پشووی هاوینەو دوو مانگ پشووی زستانەی هەیە.

لە وەرزی بەهارەی 2022ـدا، پەرلەمانی کوردستان تەنیا 10 دانیشتنی ئەنجامداوە، لە وەرزی پایزەدا تەنیا 15 دانیشتنی کردووە.

هەر وەرزێکی دانیشتنەکانی پەرلەمان کە چوار مانگە، واتە 120 رۆژ، ئەگەر دابەشی سەر هەفتەی بکەی ئەوا دەکاتە 17 هەفتە، ئەو ژمارەیە ئەگەر جارانی سێی بکەی ئەوا دەکاتە 51، بەمەش پێویستە پەرلەمان لە یەک وەرزدا 51 دانیشتن ئەنجامبدات و لە دوو وەرزیشدا دەکاتە 102 دانیشتن.

وەک دەزانن ژمارەی ئەندامانی پەرلەمان 111 ئەندامە، بەڵام لە موچەدا سەرۆکایەتی زیاتر وەردەگرن.

موچەی مانگانەی هەر پەرلەمانتارێک هەشت ملیۆن و 200 هەزار دینارە، بەڵام سەرۆکی پەرلەمان 15 ملیۆن وەردەگرێت، جێگرەکەی 13 ملیۆن و سکرتێر 12 ملیۆن.

ئەگەر موچەی پەرلەمانتارێک کە هەشت ملیۆن و 200 هەزارە جارانی 12 مانگی ساڵێکی بکەین، ئەوا لە هەر ساڵێکدا دەکاتە 98 ملیۆن و 400 هەزار دینار، ئەو برە پارەیە جارانی سەر 109 ئەندامی بکەی ئەوا دەکاتە 107 ملیارو 256 ملیۆن دینار.

ئەوەی سێ سەرۆکایەتییەکەش، ئەوا سەرۆکی پەرلەمان ساڵانەی دەگاتە 180 ملیۆن، جێگرەکەی دەکاتە 156 ملیۆن و سکرتێریش دەکاتە 144 ملیۆن، بە هەر سێکیان لە ساڵێکدا 480 ملیۆن دینار تەنیا موچەکەیانە، ئەوە جگە لە دەسەڵاتی خەرجکردنی نەسرییە.

هەردوو ژمارەکە کۆبکەوە، 107 ملیارو 156 ملیۆن لەگەڵ 480 ملیۆن، دەکاتە 107 ملیارو 736 ملیۆن دینار، ئەو ژمارەیە دابەشی سەر ژمارەی دانیشتنەکانی پەرلەمان لە ساڵێکدا بکە کە لە سەرەوە روونمان کردەوە لە ساڵی 2022 تەنیا 25 دانیشتنی کردووە، ئەوا دەردەکەوێت هەر دانیشتنێکی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی 2022ـدا، چوار ملیارو 309 ملیۆن و 440 هەزار دینار لەسەر خەڵکی کوردستان کەوتووە.