نیگەرانە
سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەسەر هێرشە درۆنییەکەى شەوى رابردو پەیامێکى بڵاوکردەوە
964+
وریا فەتاح
لەسەر هێرشە درۆنییەکەى شەوى رابردوو، سەرۆکى حکومەتى هەرێم پەیامێکى بڵاوکردەوە و دەڵێت: نیگەرانین و بە توندترین شێوە سەرکۆنەى دەکەین.
لە پەیامەکەدا، مەسرور بارزانی سەرۆکى حکومەتى هەرێم رایگەیاندووە، “نیگەرانیی قووڵی خۆمان بەرانبەر هێرشە تیرۆریستییەکەی شەوی رابردوو بۆ سەر بارەگایەکی پێشمەرگە لە باکووری رۆژهەڵاتی هەولێر دەردەبڕین”.
دەشڵێت: بە تووندترین شێوە سەرکۆنەی هێرشی هێزەکانی دەرەوەی یاسا و هاوکارەکانیان دەکەم.
“دەبێت حکومەتى عێراق بە کردەوە وڵام بداتەوە”
“دەبێت حکومەتی فیدراڵ هەر هێرشێک بۆ سەر هەرێمی کوردستان بە هێرش بۆ سەر هەموو عێراق ببینێت و هەڵوێستی جددی هەبێت و بە کردەوە وەڵام بداتەوە، چونکە بێ هەڵوێستیی، میلیشاکان زیاتر هان دەدات بۆ دەستدرێژی، ئەوان پارە و چەکی دەوڵەت بەکاردەهێنن بۆ هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان و ناسەقامگیرکردنی هەموو وڵات و دروستکردنی شەڕو ناکۆکی لە وڵاتێکدا کە خوێنڕشتنی زۆری بەخۆیەوە دیتووە”. مەسرور بارزانى وا دەڵێت.
پەیامەکەى سەرۆکى حکومەت لە کاتێکدایە، شەوى رابردوو بە دوو درۆنى بۆمبڕێژکراو هێرشکرایە سەر بارەگایەکى هێزى پێشمەرگە لە سنورى پیرمام و بەپێى راگەیەنراوێکى وتەبێژى حکومەتیش، هێرشەکە هیچ زیانێکى گیانى لێنەکەوتووەتەوە.