سەگەکانی سلێمانی دوو شەشیانە

گۆشتی فرێشیان بۆ دابین دەکەن

میدیازان – دیلان محەمەد – سلێمانی

شێڵتەری سەگەکان لە ناحیەی عەربەتی سلێمانی – Social Media

لە ئەمڕۆوە پرۆسەی کۆکردنەوەی سەگە بەرەڵاکانی ناو سلێمانی دەستپێدەکاتەوە، بەقسەی شارەوانی بێت ئەو سەگانە لەشێڵتەرێکدا دەحەوێنەوەو گۆشتی فرێشیان بۆ دابین دەکرێت.

ئەگەرچی سەرەتای ئەمساڵ دەستکرابوو بە کۆکردنەوەی سەگە بەرەڵاکانی ناو شاری سلێمانی لەشێڵتەرێکی شارەوانیدا، بەڵام بەهۆی ئەوەی زیاتر لە 80 سەگ لەو شێڵتەرە گیانیان لەدەستدا بۆیە پرۆسەکە راگیرا.

میدیازان دەزانێت، شارەوانی چەند شێڵتەرێکی بۆ سەگەکان ئامادەکردووە لە سنوری ناحیەی عەربەت کە 20 کیلۆمەتر لە ناوەندی سلێمانیەوە دوورە، ئێستا بێ ئەوەی هۆکاری راگیرانی پێشووی پرۆسەکە ئاشکرا بکرێت، دووبارە دەستی پێکردووەتەوە.

بە قسەی زەردەشت رەفیق، بەڕێوەبەری راگەیاندنی سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی بۆ میدیازان، لە شێڵتەرەکان رۆژانە گۆشتی فرێش بۆ سەگەکان دابیندەکرێت و تیمی پزیشکی چاودێری بارودۆخیان دەکات، گۆشتەکە زیادەو پاشماوەی کوشتارگەکانی ئاژەڵ دەبێت لەسلێمانی.

ئەو باسی لەوەشکرد، رێژەیەکی زۆری ئەو سەگانەی کۆیان دەکەنەوە دەیانخەسێنن، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە لە داهاتوودا وەچە نەخەنەوە.