“بەبێ پرس گۆرانیبێژێکی ئوزباکستانی ئاوازێکی منی دزیوە”

+964

پەرستۆ ساڵح – هەولێر

گۆرانیبێژێکی ئوزباکستانی بەبێ رەزامەندی نەڤید زەردی، ئاوازی گۆرانی  “خەیاڵ” دەدزێت و ئاماژەش بە ناوەکەی ناکات.

چوار مانگ بەرلە ئێستا باهرۆم نازاروڤ، گۆرانیبێژی ئۆزباکستانی گۆرانیەکی بۆ درامایەک بڵاوکردەوە بەناوی “Uzr go’zal” کە توانی زیاتر لە 17 ملیۆن بینەر تێپەرێنێت، هاوکات لەسەر ئاستی تورکیا و ئۆزباکستان و ئازەرباینجان کاردانەوەیەکی زۆری هەبێت، بەڵام ئاوازی گۆرانیەکە دەگەڕێتەوە بۆ گۆرانیەکی نەڤید زەردی گۆرانیبێژی شاری مهابادی رۆژهەڵاتی کوردستان بەناوی “خەیاڵ”  کە پێش چوار ساڵ بڵاویکردووەتەوە.

لە هەژماری خۆی لە ئینستاگرام و سناپچات، نەڤید زەرد دوای دەنگدانەوەی گۆرانیەکە دەڵێت “من لەگەڵ وشەی دز نیم، بەڵام بەداخەوە رەزامەندی من وەرنەگیراوە، ئەوە موڵکی کوردە بەداخەوە بەکارهێندراوە و پارێزەرەکانم ئاگادارکردووەتەوە”

نەڤید زەردی ئاماژەشی بەوەداوە بەرلە چەند ساڵێک گۆرانی “ئیشقت” کە بڵاویکردووەتەوە، لە کاتێکدا رەزامەندی وەرگرتووە و ناوی گۆرانیبێژەکەشی هێناوە، بەڵام رووبەرووی رەخنەیەکی زۆر بووەتەوە لەلایەن کوردەوە، ئێستا کە مافی خۆی دزراوە کێ لێی لەسەری دێتە دەنگ؟

نەڤید زەردی، لە ساڵی 2004ەوە دەستی بە کاری هونەری کردووە، دانیشتووی ئەڵمانیایە و تاکە گۆرانیبێژی کوردە کە دوێتی لەگەڵ چەندین گۆرانیبێژی بیانی هەبووە، وەک جیمس و ئێنسا.