کێ دروستی بکات؟

خەڵک بەرزە پردیان لە هاتوچۆی سلێمانی داوا کردووە

964+

ئەحمەد مستەفا

ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک، بۆ هاتوچۆی سلێمانی یان نوسیوە بەرزە پردی پەڕینەوە لەبەردەم دادگای سلێمانی دروستبکرێ، “ئۆتۆمبیلەکانی ئەو شەقامە خێراییان زۆرە و ئەگەری رووداوی بەردەوام هەیە”.

ئەم قسانە لە چوارچێوەی بڵاوکراوەیەکی “رادیۆ ترافیک”ی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی نوسراون، کاتێک داوایان لە خەڵک و شۆفێران کردووە پێشنیاری خۆیان بە هاتوچۆی سلێمانی بدەن بۆ باشترکردنی رەوشی هاتوچۆ لە ساڵی نوێی 2024.

داواکاری و قسەکان جۆراوجۆرن، بەڵام ئەوەی بەرچاوبوو داواکردنی بەرزەپردێکە بۆ بەردەم دادگای سلێمانی، ئەگەرچی ئێستا ترافیکی پەڕینەوەی پیادەی تێدایە، دەروون فەرهاد نوسیویەتی، “لابردنی ترافیکی بەردەم دادگای سلێمانی و دانانی بەرزە پردێکی کارەبایی لە جێگەی، بۆ ئەوەی ھەموو دوو خولەک جارێک ترافیک سوور نەبێت و لۆدێکی زۆر لەسەر ئەو شەقامە دروستبکات”، پێشکەوت عەبدوڵا دەڵێت، “بەردەم دادگای سلێمانی پردێکی پەڕینەوەی ئەوێ، لەو شوێنە ساڵانە زیانی بەسەدان هەزار دۆلار روداوی هاتوچۆی هەیە”.

بەرزە پرد شارەوانی دروستی دەکات، ئەمرۆ چوارشەممە 3.1.2024، زەردەشت سدیق، وتەبێژی شارەوانی سلێمانی لەبارەی داواکاری ئەو کەسانە بە 964ی وت، “باشترە ئەوانەی نیگەرانییان هەیە، بە داواکاری لە رێگەی پارێزگای سلێمانییەوە، داوامان لێبکەن تا بەرزە پردەکە دروستبکەین، ئەوەش پاش دابینکردنی پارە بۆی”، وتیشی،”تائێستا لە پلانیاندا نەبووە بەرزەپرد لە بەردەم دادگای سلێمانی دروستبکەن”.

لە بەردەم نەخۆشخانەی شار و گوندی ئەڵمانی داوای بەرزە پ...

لە بەردەم نەخۆشخانەی شار و گوندی ئەڵمانی داوای بەرزە پرد دەکرێ