له‌ كوردستان هه‌ر هه‌زار كه‌س مزگه‌وتێكیان به‌رده‌كه‌وێت

964+
شۆڕش عه‌بدولستار – هه‌ولێر

به‌ پێی ئامارێكی وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی هەرێمی کوردستان، هه‌موو ئایین و ئایینزاكان له‌ كوردستان شوێنی په‌رسشتی خۆیان هه‌یه‌، بۆ موسڵمانانیش هه‌ر هه‌زار كه‌سێك مزگه‌وتێكیان به‌رده‌كه‌وێت.

نەبەز ئیسماعیل وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی بە 964+ی راگەیاند “لە هەرێمی کوردستان 5800 مزگەوت ھەن، سەرجەمیان لە لایەن وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیه‌وه‌ زەویان بۆ تەرخانکراوە لە شوێنە زۆر باشەکان، ئه‌مه‌ش به‌پێی نەخشەی شارەوانی و پێویستی شوێنەکان”.

وتیشی “حکومەتی کوردستان ھەموو ئاسانکارییەکی بۆ دروستكردنی مزگه‌وت پێشكه‌شكردووه‌، هه‌موو مزگەوتەکانیش لە لایەن خێرخوازانه‌وه‌ دروستکراون” .

کەنیسەی مار گۆرگیس لە هەولێر…فۆتۆ: سۆشیال میدیا

لە ھەرێمی کوردستان ھەموو ئایین و ئایینزاکان شوێنی پەرستشی خۆیان ھەیە و بە پێی یاسای ژمارە 5ـی ساڵی 2015 مافی ئایینەکان پارێزراوە، جگه‌ له‌ مزگه‌وتی موسڵمانان، 400 شوێنی پیرۆزی ئایینەکانی دیكه‌ش ھەن ، کە بەشێکیان بە ھاوبەشی بەسەر پارێزگاکانی ھەرێمدا دابەش بوونه‌.

به‌شێك له‌و مزگه‌وت و شوێنه‌ ئایینییانه‌، موڵكی دیكه‌یان له‌گه‌ڵه‌، وه‌ك دوكان و بازاڕ، كه‌ موڵکی وەقفن بە پێی یاسای وەقف مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.
964+ ده‌زانێت، پرۆژە ھەیە داھاته‌كه‌ بۆ پەرەپێدانی موڵکەکە خەرج ده‌کرێت و ئەویتر دەچێتە سندوقێکی تایبەت و لە کاتی پێویست لە وەقفەکە خۆی پێویستی و بەپێی بنەما شەرعییەکان مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.

به‌ پێی ئه‌و ژماره‌ مزگه‌وته‌كه‌ی له‌ كوردستان هه‌یه‌، هه‌ر 1034 كه‌س له‌ كوردستان، مزگه‌وتێكیان به‌رده‌كه‌وێت.

تەیب زرار بەڕێوه‌بەری ئەوقافی هه‌ولێر به‌ 964+ وت “1814 مزگەوت لە شاری هەولێر هەن، 36 کەنیسە و 7 دێر هەن، سابیئەی مەندائی یەک مەندیان ھەیە و بەھائییەکانیش یەک شوێنیان ھەیە وەک پەرستگا، هه‌روه‌ها جووەکان یەک مەزاریان ھەیە، به‌ڵام ئێزدییەکان لە ھەولێر ھیچ شوێنێكیان نییە و کاکەییەکانیش یەک مەزاریان ھەیە، كه‌ لە سفەییەیه‌.