عەلی حەمە ساڵح شەڕ لەگەڵ پەلکەزێڕینە دەکات

+964
فەهمی نەبی – هەولێر

عەلی حەمە ساڵح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان سکاڵای یاسایی لەسەر هەردوو رێکخراوی راسان و دامەزراوەی یەکسانی تۆمارکرد، بە تۆمەتی ئەوەی ئەو دوو رێکخراوە لە بواری هاوڕەگەزخوازیی کاریان کردووە.

رۆژی چوارشەممە، 4ی کانونی دووەمی 2023، عەلی حەمە ساڵح سکاڵاکەی لە رێگەی داواکاری گشتیەوە تۆمارکرد، بە قسەی ئەو، کاری ئەو رێکخراوانە بەپێی یاسای سزادانی عێراقی قەدەغەیە.

ئەو پەرلەمانتارە بە 964+ی وت “ئامانجم ئەوەیە، ئەگەر بڕیارێکی دادگامان بە دەستەوە بێ، دوو رۆژی تر کەس ناتوانێ داوای مۆڵەتی رێکخراوی هاورەگەزبازیی بکات”.

964+ دەزانێت، جگە لەوە، فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومیەکانیش سکاڵایی یاسایی لەسەر هەردوو رێکخراوی “راسان” و “دامەزراوەی یەکسانی” هەبووە.

ئاکۆ ئەحمەد، بەرپرسی بەشی یاسایی، لە فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومییەکان بە +964ی وت “ئەو دوو رێکخراوە، پێشتر مۆڵەتەکانیان بۆ کارکردن لەبواری مافی مرۆڤ بووە، بەڵام ئەوان بواری کارەکەیان گۆڕیوە بۆ داکۆکی لە کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینە، بۆیە فەرمانگە داوای یاسایی لەسەر تۆمارکردوون”.

+964 دەزانێت، وەفدی هەردوو کۆنسوڵخانەی ئەمریکا و کەنەدا سەردانی فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومیەکانیان کردووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ئەو دوو رێکخراوە.

لەو بارەیەوە ئاکۆ ئەحمەد وتی “داواکاریەکی لەمجۆرە هەبووە، بەڵام وەڵامی فەرمانگە ئەوە بووە، کاری ئەو رێکخراوانە قەدەغە بکرێت”.

964+ چەند جارێک پەیوەندی کرد بە بەرپرسانی ئەو دوو رێکخراوە، بەڵام ئامادە نەبوون لەسەر ئەم بابەتە قسە بکەن.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سایتی ویکیپیدیا، لەبارەی رێکخراوی راسان هەیە بەمشێوەیەیە “راسان، رێکخراوێکی ناحکومی بواری مافی مرۆڤە و کار بۆ مافی ژنان و کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینە دەکات”.

ئەوەش نوسراوە، لە 2004 تا 2012 تەنیا رێکخراوێکی مافی ژنان بووە، بەڵام دوای ئەو ساڵە، بواری کارەکانی گۆڕیوە بۆ کارکردن لەسەر ئەو کێشانەی رووبەڕووی کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینە دەبێتەوە.

هەروەها لەبارەی دامەزراوەی یەکسانی هاتووە، کە پێشتر ئەو دامەزراوەیە لەژێر ناوی “رێکخراوی لاڤە” کاریکردووە، بەڵام دواتر بۆ داکۆکی لە مافی هاوڕەگەزخوازی، ناوی رێکخراوەکە گۆڕاوە بۆ دامەزراوەی یەکسانی