عەلی قەرەداغی: تاڵیبان نایەوێت بمانبینێت

964+
توانا نەقی – هەولێر

بە مەبەستی پتەوکردنی پەیوەندییەکانیان، وەفدێکی گەورەی یەکێتی جیهانیی زانایانی مسوڵمان بە نیاز بووە بچێتە لای بەرپرسانی باڵای تاڵیبان، بەڵام لەلایەن ئەمیرەکەیانەوە رەتکراونەتەوە.

عەلی قەرەداغی، ئەمینداری گشتی یەکێتی جیهانیی زانایانی موسڵمان بە رۆژنامەی قودسی عەرەبی راگەیاندووە، شکستیان هێناوە لە رێکخستنی دیدارێک لەگەڵ مەلا هەیبەتوڵڵا ئاخونزادە، رێبەری بزوتنەوەی تاڵیبان، چونکە لە ئێستادا ئامادە نەبووە پێشوازییان لێبکات.

عەلی قەرەداغی دەڵێت، بڕیاری سەردانەکە لەو سۆنگەیەوە هاتووە کە موسڵمانان یەک ئومەتن و لە یەک جەستە پێکهاتوون، گرنگیدان بە دۆخی ئەفغانستان گۆڕانکارییەکان لەو وڵاتە گرنگ بووە بە لایانەوە.

 لە 15ی ئابی 2021 بە شێوەیەکی خێرا و کتوپڕ، لە ماوەی چەند رۆژێکدا، چەکدارانی تاڵیبان توانیان دەسەڵات لە ئەفغانستان بگرنەوە دەست، دوای ئەوەی لە ساڵی 2001 لە لایەن ئەمریکاوە دوورخرابوونەوە.