لە کەرکوک گردبوونەتەوە و داوای کارەبا دەکەن
964+
کاروان ساڵح – کەرکوک
بەهۆی نەبوونی کارەبای نیشتیمانی، دانیشتوانی چەند گەڕەکێکی شاری کەرکوک گردبوونەوە.
دوای نوێژی هەینی ئەمڕۆ، 6ی کانونی دووەم، دانیشتوانی گەڕەکەکانی شۆراو، سۆنەگۆلی و گورگەچاڵ لە بەردەم مزگەوتی شۆراو گردبوونەوە و داوایان کرد چارەسەری کێشەی کەمی کارەبای نیشتیمانیان بۆ بکرێت.
دکتۆر ئەحمەد کەرکوکی، پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی شۆرا و بە 964+ی وت “دانیشتوانی ئەو گەڕەکانە چەندین جار روویان لێمان کردووە کە داواکاری بکەین کێشەی کەمی کارەبای نیشتیمانی چارەسەر بکرێت، بەڵام ئەگەر چارە نەکرا، ئەوا گردبوونەوە دەکەن”.
ئەو مامۆستا ئایینیە دەڵێت، سەردانی فەرمانگە پەیوەندیدارەکانیان کردووە، ئەوان تەنیا بەڵێنیان پێداون بۆیان چارەسەر بکەن، بەڵام هێشتا هیچیان بۆ نەکردوون.
964+ دەزانێت، لەو گەڕەکانەدا، لە ماوەی 24 کاتژمێردا، تەنیا چوار بۆ شەش کاتژمێر کارەبای نیشتیمانی هەیە.