"کەلوپەلە ئەندازەییەکان بپارێزن"

شەقامەکانی قەڵادزێ هێمای هاتوچۆیان بۆ دانرا

964+
محەمەد عەلی ـ قەڵادزێ

بنکەی هاتوچۆی قەڵادزێ، بەمەبەستی ئاسانکاری شۆفێران هەڵمەتێکی رێکخستن و دانانی هێماکانی ئاگادارکەرەوە و چەند کەلوپەلێکی ئەندازەیی لە ناوەوە و دەرەوەی شاردا دادەنێن

ئەمڕۆ سێشەممە 16.1.2024، موقەدەم لەشکر مەحمود، لێپرسراوی بنکەی هاتوچۆی قەڵادزێ بە 964ـی وت،” هەفتەی رابردووچەند چالاکییەکمان ئەنجام داوە وپێشتریش زیاتر لە 150 هێمای هاتوچۆمان داناوە بۆ خزمەتی شۆفێران، بە بەردەوامیش لە شەقام و کۆڵانەکانی شاردا بە دوای کەموکوڕییەکاندا دەگەڕێین لە رووی هاتو چۆوە تا چاککردنەوە و رێکخستنەوەیان بۆ بکەین، یان لە کاتی پێویستدا ژمارەیان زیاتر بکەین، چونکە سیمای شارستانین.”

موقەدەم لەشکر وتیشی، “هەر لە هەڵمەتەکەدا ترافیک لایتی ناوشارمان چاککردووەتەوە و شەقامەکانی ناوشاریش نوێکرانەتەوە و رێکخستنەوەیان بۆ کراوە، هەروەها تاسە نایاساییەکان لابراون.”

بە وتەی موقەدەم لەشکر، ئەم جۆرە چالاکییانە بەردەوامیان دەبێت و لەلایەن تیمێکی تایبەتمەندەوە چاودێریی کەلوپەلە ئەندازەییەکان دەکرێت، بە مەبەستی پاراستنیان.

لێپرسراوی بنکەی هاتوچۆی قەڵادزێ لە رێگەی 964وە داوا لە شۆفێران و ھاوڵاتیان دەکات، “کەلوپەلە ئەندازەییەکان بپارێزن و شۆفێرانیش پابەندی رێنماییەکانی ھاتوچۆبن، بۆ ئەوەی دووربن لە کارەساتی دڵتەزێن و نەخوازراو”.

پێداچوونەوە : بەهرە محەمەدئەمین