سێ ساڵە نەوت لە سەنتەری هەڵەبجە دابەش نەکراوە
+964
محەمەد عومەر – هەڵەبجە
لەگەڵ ئەوەی حکومەتی هەرێم ساڵانە نەوت لە پارێزگای هەڵەبجە دابەش دەکات، بەڵام سێ ساڵە بەشێک لە دانیشتووانی سەنتەری شارەکە نەوتییان وەرنەگرتووە.
پارێزگای هەڵەبجە، پێکدێت لە قەزای ناوەندی هەڵەبجە، ناحیەکانی سیروان، بەمۆ، خورماڵ و بیارە، نەوتی سپی لەمساڵدا لەهەر چوار ناحیەکە دابەشکراوەو هەر خانەوادەیەک بەرمیلێک نەوتی وەرگرتووە، بەڵام تاکو ئێستا دابەشکردنی نەوت لەناو سەنتەری شار لە هەڵەبجە دەستی پێنەکردووە.
+964 زانیاری ئەوەی وەرگرتووە کە سێ ساڵە یەک لەسەر سێی دانیشتووانی سەنتەری هەڵەبجە کە ژمارەیان دەگاتە هەشت هەزار خانەوادە، نەوتی سپییان وەرنەگرتووە.
زوهرە یوسف، سەرۆکی لیژنەی سوتەمەنی پارێزگای هەڵەبجە بە 964+ی وت “پاش ئەو بڕە نەوتەی لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە رەوانەی هەڵەبجە کراوە، سەرەتا لە ناوچە شاخاوییەکان نەوتیان دابەشکردووە، بەو هۆیەوە تاوەکو ئێستا نەگەیشتووەتە ناو شار”.
ئەو دەڵێت: ئێمەش نازانین کەی نەوتیان بەدەستدەگات بۆ ناوەندی شاری هەڵەبجە.
سەبارەت بە دابەشنەکردنی بەشە نەوتی ئەو هەشت هەزار ماڵە، زوهرە یوسف باسی لەوە کرد “بە دڵنیاییەوە لە کاتی دابەشکردنی نەوت ئەولەوییەت بەو هەشت هەزار ماڵە دەدرێت، پاشان کارتی نەوتەکانیان سفر دەکەینەوە و سەرلەنوێ دەست دەکەینەوە بە دابەشکردنی نەوت بەسەر هاوڵاتیانی هەڵەبجە، کە هەر ماڵە و بڕی 200 لیتر نەوتی بە نرخی 103 هەزار دینار پێدەدرێت”.
زۆرێک لە هاوڵاتیان پاش وەرگرتنی کارتی نەوت لەلایەن بریکارەکانی خۆراکەوە راستەوخۆ کارتەکانیان دەفرۆشنەوە بەهۆی ئەوەی وەک خۆیان دەڵێن نەوتەکە هێندە درەنگ دێت کە رەنگە پێویستیان نەبێت یاخود متمانەیان نییە کە هەر بێت.
فازیل عەلی، هاوڵاتیەکی دانیشتووی هەڵەبجەیە، بە 964+ی وت “ماوەی سێ ساڵە نەوتم وەرنەگرتووە، بریاڕ بوو ئەمساڵیش نەوت وەربگرین، بەڵام تاوەکو ئێستا نەوت نەهاتووە”.
ئەو دەڵێت، ناچارن لەبەر ماڵ و منداڵ نەوت بکڕن بە نرخێک لە نێوان 200 بۆ 250 هەزار دینارە.
محەمەد سلێمان، کاسبکارێکی ناو بازاڕی هەڵەبجەیە، بۆ 964+ی باسکرد، کە ماوەی چوار ساڵە نەوتی سپی وەرنەگرتووە “ئێمە دەبەیەک نەوت بە 23 هەزار دینار دەکڕین و پێنج سەر خێزانین، مەگەر 15 رۆژ ئیش بکەم بەس بۆ ئەوەی بەرمیلێک نەوت بکڕم”.
پارێزگای هەڵەبجە، بە یەکێک لە ناوچە ساردەکانی هەرێم دادەنرێت بەو پێیەی بە زنجیرە چیاکانی شنروێ و باڵامبۆ و سورێن و هەورامان دەورە دراوە، ساڵانە لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەم بۆ کۆتاییەکانی مانگی ئازار، سەرمایەکی زۆر روو لە ناوچەکە دەکات و هاوڵاتیانیش بۆ خۆگەرمکردنەوە پێویستییەکی زۆریان بە ئامرازەکانی خۆگەرمکردنەوە و سوتەمەنی دەبێت.