لەسە شەقامى سەرەکى دەچێنرێن

ژینگەدۆستێک 250 سنەوبەر بە زەڕایەن دەبەخشێت

+964

بڕوا مەجید

ژینگە دۆستێک، 250 نەمامى لە جۆرى سنەوبەرى گازۆلینا، پێشکەش بە شارەوانیى زەڕایەن دەکات و لەسەر شەقامى دەروازە و ناوبازاڕى زەڕایەن دەچێنرێت.

بورهان مەلارەشید، سەرۆکى شارەوانیی زەڕایەن بۆ 964 وتی، “بە مەبەستى زیاتر سەوزکردنی شەقام و رێگاکانی ناحیەی زەڕایەن، لەلایەن ژینگەدۆستێکەوە بڕی 250 نەمامی جۆری سنەوبەرمان بۆدابین کراوە و ئەم جۆرە لە سنەوبەرە گونجاوە لەگەڵ کەشوهەوای کوردستان و بەرگەی سەرمای زستان و گەرمای هاوین دەگرێت، ئەگەر بە باشی خزمەت بکرێت و پارێزگاریان لێبکرێت لە داهاتوودا دیمەنێکی جوان بە دەروازەی ناحیەکە دەبەخشێت”.

تائێستا زیاتر لە 70 نەمام لە کۆى ئەو 250 نەمامە نێژراوە و بە وتەى سەرۆکى شارەوانى زەڕایەن، بەردەوام دەبن لە سەوزکردنى ناوچەکە و چەند پڕۆژەیەکى کۆنگرێتیش بۆ گەڕەکەکانى زەڕایەن ئەنجام دەدەن.

کۆمەڵگەى زۆرەملێى زەڕایەن لە ساڵى 1978 لەلایەن رژێمى پێشووى عێراقەوە دروستکرا، بە پێى دوائامارى ساڵى 2017 ژمارەى دانیشتووانى ناحیەکە نزیکەى 18 هەزار کەسە.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح