سۆراغی 964

داهاتى ئاو لە هەڵەبجە و گەرمیان و راپەڕین سفرە و مامەڵەی هاوڵاتیان راگیراوە

964+

سۆراغ- وریا فەتاح

71 رۆژە کۆکردنەوەى کرێى ئاوى ماڵان لە زۆنى چوار (هەڵەبجە، گەرمیان و راپەڕین) راگیراوە و داهاتى ئاو لەو شوێنانە سفرە، 964 بەدواداچوونى بۆ ئەو دۆسییەکە کرد و دەرکەوت کێشەیەک لە نێوان کۆمپانیاى کۆکردنەوە و بەسیستمکردنى کرێى ئاو و بەڕێوەبەرایەتى گشتى ئاوى هەرێم دروستبووە.

کەی کێشەکە هەستیپێکرا؟

کێشەکە لە 9،11.2023 هەستیپێکرا، ئەوەش دواى ئەوەى بەڕێوەبەرایەتى ئاوى راپەڕین بە ژمارە 3021، نوسراوێکى ئاراستەى بەڕێوەبەرایەتى گشتى ئاو و ئاوەڕۆى هەرێمى کرد و لە نوسراوەکەدا هاتووە، لە رێکەوتی 9.11.2023 وەک فشار کارەکانی کۆمپانیای ئۆرانۆس راگیراوە.

کۆمپانیاى ئۆرانۆس، بەپێى گرێبەستێک کە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتى گشتى ئاو و ئاوەڕۆى هەرێمى کوردستان هەیەتى، بەرپرسە لە کۆکردنەوە و بە سیستمکردنى کرێى ئاو لە  زۆنى چوار کە  پێکدێت لە (هەڵەبجە، گەرمیان و راپەڕین)، بەڵام بەپێى ئەو کێشەیەى دروستبووە، 71 رۆژە کۆکردنەوەى پارەى ئاو و مامەڵەى ئاو لەو زۆنە، راگیراوە.

یەک مانگ دواى کێشەکە

یەک مانگ دواى کێشەکە و رۆژى 9.12.2023، 964 پەیوەندى بە سۆران عەلى، بەڕێوەبەرى زۆنى راپەڕین لە کۆمپانیاى ئۆرانۆسەوە کرد و ئەوکات وتى،”ئەوەى هەیە کێشەیەکى تەکنیکییە، سیستم کێشەى هەیە و بەرەو چارەسەر دەڕۆین و لەم یەک دوو رۆژە چارەسەر دەبێت”، ئەمڕۆ کە 42 رۆژ بەسەر ئەو لێدوانەى سۆران عەلیدا تێدەپەڕێت، تائێستا کێشەکە چارەسەر نەبووە.

کۆمپانیا وەڵام ناداتەوە

964 بۆ وەرگرتنى بۆچونى کۆمپانیاکە، زیاتر لە سێ جار پەیوەندى بە سۆران عەلییەوە کرد،  بەڵام وەڵامى هیچ یەکێک لە پەیوەندییەکانى نەدایەوە.

داهات سفرە و مامەڵەى هاوڵاتییان راگیراوە

سەلام عومەر، بەڕێوەبەرى گشتى ئاوى راپەڕین بە 964ى وت،”دوو مانگ زیاترە پارەى ئاو لەو سنورە کۆنەکراوەتەوە و مامەڵەى هاوڵاتییانیش جێبەجێ نەکراوە، بەڵام ئەو کێشەیە لاى ئێمە نیە و پەیوەندى بە کۆمپانیا و ئاوى هەرێمەوە هەیە”.

“دوو مانگە زەرەرمەندى یەکەم حکومەت و زەرەرمەندى دووەم هاوڵاتییانن، چونکە نزیکەى دوو مانگ و نیوە یەک مامەڵەى هاوڵاتییان رایى نەکراوە و ئەستۆپاکى و بەناوکردنى خانوو و پارەدان و وەرگرتنى کرێى ئاو لە هاوڵاتییان وەستاوە و پارەیەکى زۆر لەسەر هاوڵاتییان کەڵەکە بووە، واى کردووە داهاتى حکومەت کەم ببێتەوە”، سەلام عومەر واى بە 964 وت.

بە هۆى کێشەکەوە، داهاتى ئاو لەو زۆنە بووە بەسفر و نەشتوانراوە هیچ پڕۆژەیەک ئەنجام بدرێت، چونکە بەشێکى لەو پارەیەى کۆدەکرێتەوە بۆ ئەنجامدانى پڕۆژە و نۆژەنکردنەوەى پڕۆژەکانى ئاو خەرج دەکرێتەوە، بەڵام بەهۆى ئەوەى داهات سفرە، هیچ پارەیەک بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکان خەرج نەکراوە.

هەرلایەک قسەیەک دەکات

هەریەلایەکى پەیوەست بە کێشەکە، قسەى جیاواز دەکەن، بەڕێوەبەرایەتییەکانى ئاوى هەڵەبجە و راپەڕین بە 964یان وت،”کێشەکە لاى ئەوان نییە، بەڵکو پەیوەندى بە کۆمپانیا و بەرێوەبەرایەتى گشتى ئاوى هەرێمەوە هەیە”، کۆمپانیاى جێبەجێکار دەڵێت: کێشەیەکى تەکنیکییە، سیستم کێشەى هەیە، بەڵام قسەى بەڕێوەبەرایەتى ئاوى هەرێم جیاوازە و ئارى ئەحمەد، بەڕێوەبەرى گشتى ئاوى هەرێم بە 964ى وت،”هەندێ کێشەى دارایى و ئیدارى هەیە بۆیە کارەکانى کۆمپانیا راگیراون”.

964 ویستى لە زارى بەڕێوەبەرى گشتى ئاوى راپەڕین و هەڵەبجە دروستى کێشەکە بزانێت، بەڵام هەریەک لە سەلام عومەر، بەڕێوەبەرى گشتى ئاوى راپەڕین و ئەلەند تۆفیق، بەڕێوەبەرى گشتى ئاوى هەڵەبجە، بێبەریبونى خۆیان لە کێشەکە راگەیاند و هەردوولا وتیان کێشەکە پەیوەندى بە ئەوانەوە نیە و ئەوان هیوادارن کارەکان دەستپێبکرێنەوە.

دەبوو لە 2023 کێشەکە چارەسەر بوایە

بە قسەى  ئاری ئەحمەد بەڕێوەبەرى ئاوى هەرێم بوایە، دەبوو لە ناوەڕاستى مانگى 12 کێشەکە چارەسەر بوایە، چونکە لە سۆراغێکى پێشترى 964 کە لە 9.12.2023، بۆ ئەو کێشەیە ئەنجامیدا، ئارى ئەحمەد وتى،”کێشەکە تەکنیکییە و چارەسەرکراوە، لە دوسێ رۆژى داهاتوودا کارەکان دەستپێدەکەنەوە”، بەڵام 42 رۆژ دواى ئەو لێدوانە، لە لێدوانى ئەمڕۆیدا ئارى ئەحمەد بە 964ى وت،”هەندێ پابەندى و کێشەى دارایى و ئیدارى هەیە، بۆیە ئیشەکانى کۆمپانیا راگیراون، دوو جاریش نوسراومان بۆ کۆمپانیا کردووە کە کێشەکانیان چارەسەر بکەن، بەڵام تائێستا چارەسەر نەکراوە”.

گرێبەستى کۆمپانیا هەڵدەوەشێتەوە

“بە دڵنیاییەوە لە ئەگەرى چارەسەرنەکردنى کێشەکان، رەنگە گرێبەستەکەمان لەگەڵ کۆمپانیاکە هەڵبوەشێنینەوە”، ئارى ئەحمەد واى بە 964 وت.

پڕۆژەى بە سیستمکردن و کۆکردنەوەى ئاو، ناوى (ئۆراکڵ)ە و هەموو کوردستان بەو سیستەمەوە بەستراوەتەوەوە کراوەتە چەند زۆنێک و هەر ئەدمینێک کە پێى دەوترێت کاشێر بە کۆد و پاسۆردى تایبەتى خۆى دەچێتە ناو سیستەمەکە و داتاکانى زۆنەکەى دەبینێت و دەتوانێت ئیشى تێدا بکات و داتا سەنتەرى سیستمەکەش لە هەولێرەوە ئیدارەى سیستەمەکە دەدرێت.

جگە لەو کێشانەى باسکران، بەهۆى وەستانى کارەکانى کۆمپانیاکە چەندین کێشەى دیکە بۆ کارمەندانى کۆمپانیاکە دروستبووە، بەتایبەت لە هەڵوەشاندنەوەى گرێبەستى چەند کارمەندێک و کەمکردنەوەى موچەى کارمەندان و دواکەوتنى موچەى مانگانەیان.

تەنیا لە سنورى ئیدارەى راپەڕین، ساڵانە سێ بۆ پێنج ملیار دینار، کرێى ئاوى ماڵان کۆدەکرێتەوە، بەڵام بەهۆى ئەم کێشەیە و لە ئەگەرى بەردەوامبوونى، کێشە بۆ کۆى داهاتى ساڵانە کرێى ئاو دروست دەکات.

داهاتى ئاو لە هەڵەبجە و گەرمیان و راپەڕین سفرە و مامەڵە...

داهاتى ئاو لە هەڵەبجە و گەرمیان و راپەڕین سفرە و مامەڵەی هاوڵاتیان راگیراوە

دوای دوو مانگ دەست دەکرێتەوە بە وەرگرتنی پارەی ئاوی ما...

دوای دوو مانگ دەست دەکرێتەوە بە وەرگرتنی پارەی ئاوی ماڵان