تا هاوسەران جیابنەوە ئەم نانی کەوتووەتە رۆنەوە
بە پارە وێنەی هاوسەرگیری ئەو کەسانەی جیابوونەتەوە، لەناودەبات
+964
موحسین عومەر
لیو وی، بازرگانێکی خەڵکی چینە، بیرۆکەیەکی جیاوازی بۆهات و ئێستا بووەتە مایەی خێر بۆی.
ئەو بازرگانە لە رێگەی تێکشکان و لەناوبردنی وێنەی هاوسەرگیریی ئەو کەسانەی جیابوونەتەوە، پارەیەکی باشی دەستدەکەوێت.
لە چین وێنەی هاوسەرگیریی بە تابلۆیەکی تۆکمە دروستدەکرێت و ئەمەش وادەکات دوای جیابوونەوە تێکشکاندن و لەناوبردنی کەمێک ئەستەم بێت، بە تایبەت لە وڵاتێکی وادا، کە هەموو شت ریسایکل دەکرێت و دەبێ ماددەکان بەپێی جۆرەکانیان جیابکرێنەوە.
لیو وی، ئەمەی کردە بیرۆکەی بزنسێک لە شاری شاندۆنگ و کارگەیەکی دروستکرد بۆ لەناوبردنی ئەو تابلۆیانە،
ئەو لەسەر داوای خۆیان وێنەکانیان بە سپرا دەشارێتەوە و دواتر دەیخاتە ناو ئامێری شکێنەرەکە، هەندێک لەو کەپڵانە داوا دەکەن وێنەکانیان بداتە بەر شەق و لە زەوی بدات، ئینجا لەناوی ببات، ئەم دیمەنەشیان بە ڤیدیۆ بۆ بنێرێتەوە.
لیو بۆ تێکشکانی هەر تابلۆیەکی هاوسەرگیریی حەوت بۆ 14$ وەردەگرێت و ئەم کارەی ناوبانگێکی زۆری بۆ پەیداکردووە و ئێستا جگە لە خۆی چەند کارمەندێکیشی هەیە و رۆژ بە رۆژ کارگەکەی گەورەتر دەبێت.