تاوەکو مانگێکی دیکەش دەرگا بۆ خوێندنی ماستەر و دکتۆرا ناکرێتەوە

964+
فەهمی نەبی-هەولێر

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست 964+ کەوتووە، پلانی دابینکردنی کورسی خوێندنی دکتۆرا و ماستەر و دبلۆمی باڵا، تا ناوەڕاستی مانگی شوبات دوادەکەوێت.

ژمارەیەکی زۆر لە داواخوازانی خوێندنی باڵا چاوەڕێی کردنەوەی کورسیەکانی ماستەر و دکتۆرا و دبلۆمی باڵان.

ژاڵە سەعید خەتاب، بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی توێژینەوە و پلاندانان، بۆ 964+ قسەی کرد و وتی “لە ناوەڕاستی مانگی 12ی ساڵی رابردوو پلانەکانمان ناردەوە بۆ زانکۆکان، شوێن هەبوو کورسی خوێندنی زۆری داوا کردبوو شوێنیش هەبوو کەم، داوامان کردووە زانکۆکان دەستکاری بکەن، بەو هۆیەوە پێشبینی دەکەین تا ناوەڕاستی مانگی شوبات خوێندنی باڵا دوا بکەوێت”.

964+ زانیویەتی ئەگەر کردنەوەی پلانی خوێندنی باڵا بکەوێتە ناوەڕاستی مانگی شوبات، وا پێشبینی دەکرێت بەهۆی رێکارەکانی مامەڵەکردن، دەستپێکی خوێندن بکەوێتە سەرەتای مانگی ئەیلولی 2023. بەڕێوەبەرەکەی خوێندنی باڵا، دەڵێت، “ناتوانم لەو بارەیەوە هیچ بڵێم”.

وەک ئەوەی زانراوە، زانکۆکانی هەرێم داوای چوار هەزار کورسی خوێندنی باڵایان کردبوو، بەڵام وەزارەتی خوێندنی باڵا ئەو ژمارەیەی رەتکردووەتەوە.

ماوەی سێ ساڵە خوێندنی ماستەر و دکتۆرا و دبلۆمی باڵا لە هەرێمی کوردستان نەکراوەتەوە، دواینجار کە خوێندنی باڵا دەرگای پێشکەشکردنی کردەوە ساڵی 2019 بوو.