کەمپی بێرسیفی ئاوارەی ئێزیدییەکان سووتا

عەمار عەزیز – دهۆک

کەمێک پێش ئێستا، ئاگر لە خێوەتێکی ئاوارەی کەمپی بێرسفی ئێزیدییەکان لەزاخۆ بەربوو.

دەوروبەری کاتژمێر پێنجی ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، ئاگر بەردەبێتە خێوەتی ئاوارەیەکی ئێزیدی لەکەمپی بێرسیف دوو لەسنوری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، تەواوی کەلوپەلی ناو خێوەتەکە سووتان.

پیر دیان جەعفەر، بەرپرسی فەرمانگەی کۆچ و کۆچبەران و وڵامدانەوەی قەیرانەکان کە سەرپەرشتی ئیدارەی هەموو کەمپەکانی سنوری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆ زاخۆ دەکات، بە 964ـی راگەیاند: دوای چەند خولەکێکی کەم تیمەکانی بەرگری شارستانی گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و ئاگرەکەیان کۆنتروڵ کرد، لەگەڵ ئەوەی تەواوی کەلوپەلی خانەوادەکە سووتان، بەڵام خۆشبەختانە ئاگرەکە زیانی گیانی نەبوو.

دەشڵێت: کەوتنی ئاگرەکە بەهۆی شۆرتی کارەبا بووە، ئەو خێزانەش قەرەبوو دەکەینەوە و پێداویستی سەرەکی وەک خێوەت و پێداویستییەکانی دیکەیان بۆی دابین دەکەین.

کەمپی بێرسیف دوو دەکەوێتە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، حەوت هەزار و 182 کەس لەو کەمپەیە دەژین.

کۆی ئاوارەکانی سنووری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ 65 هەزار و 188خێزانن.