ناڕەزایی دژی هێرشەکانی ئیسرائیل
لە مەدرید مۆزەخانەیەک بە وێنەی منداڵێکی فەڵەستینی دادەپۆشن
+964
موحسین عومەر
چالاکوانانی مافی مرۆڤ و پاراستنی ژینگە، وێنەیەکی گەورەی منداڵێکی فەڵەستینییان بە مۆزەخانەی رینا سۆفیا لە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا شۆڕکردووەتەوە، وەک ناڕازیبوون بەو دۆخەی لە غەزە هەیە و راگرتنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەزە.
ئەمە هەمان ئەو مۆزەخانەیە کە تابلۆی بەناوبانگی “گێرنیکا”ی پابلۆ پیکاسۆی تێدایە کە شەڕانگێزییەکانی جەنگ نیشان دەدات.
دوێنێ چوارشەممە 24.1.2024 لەلایەن رێکخراوی گرینپیس و بزووتنەوەی ئەنمیوت غەزە کە بە واتای “دەنگەکانی غەززە بێدەنگ مەکەن” دێت، کە کاریان پشتگیریکردنی ئەو فۆتۆگرافەرانەیە کە لە جەنگ و رووداوەکاندا وێنەی جۆرنالی دەگرن، وێنەی ئەو منداڵە هەڵواسراوە کە لەلایەن بیلال خالیدی فەڵەستینییەوە گیراوە.
لە ژێر وێنەکەدا دوو کۆمێنت نووسرابوو، یەکەمیان: “گوێتان لێمانە؟” وەک ئەوەی هاواری منداڵەکە بێت و دووەمیان، “واز لە تەقەکردن بێنە”.