وەزارەت ئاگای لێیەتی
دەرمانە ساختەکان بۆ هەژمارێکی واتسئاپ بنێرە
964+
ئەحمەد مستەفا
دامەزراوەی کۆنتڕۆڵکردنی هێنان و دروستکردنی دەرمان دەڵێت، هەردەم با ژمارە تەلەفۆنی چاودێری دەرمانتان لەلا بێت، لە ئەگەری بوونی هەر حاڵەتێکی سەرپێچی و نەخوازراوی تایبەت بە دەرمان بۆمان بنێرن.
ئەمە ژمارەکەی ئەوانە (07502356000).
دامەزراوەی کۆنتڕۆڵکردنی هێنان و دروستکردنی دەرمان و ئامێر و پێداویستیی پزیشکی سەر بە وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، لە بڵاوکراوەیەکدا کە وێنەیەکی بۆ 964 نێردراوە ئەوەش دەڵێت، هاوڵاتیانی بەڕێز ئاگاداردەکەینەوە کەوا دەتوانن لە رێگای وەتسئاپەوە ئاگاداری بەڕێوەبەرایەتیەکەمان بکەنەوە دەربارەی بوونی هەر حاڵەتێکی نەخوازراو سەبارەت بە دەرمان و بەرهەمی پزیشکی لە هەر شوێنێک بێت.
لەوانە، (کۆمپانیای دەرمان، کۆگای دەرمان، دەرمانخانە، شوێنی رێپێنەدراو)، بەڕێوەبەرایتییەکە ئەوەشی وتووە، بۆ ئەوەی لە نزیکترین کاتدا لە رێگای لیژنە تایبەتەکانی بەشی چاودێری بازاڕ بەدواداچوون بکرێت و لە ئەنجامەکەی ئاگاداربکرێنەوە.
بەپێی دواین داتای سەندیكای دەرمانسازانی هەرێمی كوردستان بێت، لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە هەزار و 381 دەرمانخانە، 128 كۆگای فرۆشتنی دەرمان و 217 كۆمپانیای هاوردەكردنی دەرمان هەن.