حاسڵاتی ئەمڕۆی دەرودراوسێ

ئەمریکا و بەریتانیا دەڵێن ئەوەی ئیسرائیل دەیکات جینۆساید نییە

964+

ژووری هەواڵ

وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا رایگەیاند، ناتوانین کردەوەکانی ئیسرائیل لە غەزەدا بە کۆمەڵکوژی ناوببەین، ئیسرائیل مافی ئەوەی هەیە پارێزگاری لەخۆی بکات دژ بە حەماس.

نەمرود شەبیر ئێستا لیوای یەدەگە پێشتریش سەرۆک ئەرکانی هێزی ئاسمانی ئیسرائیل بوو، لێدوانێکی داوە و دەڵێت، ناتانیاهۆ نایەوێت ئاگربەست بکات و هەوڵی تاخیرکردنی گۆڕینەوەی دیلەکان دەکات چونکە دەترسێت و نایەوێت جەنگ بوەستێت.

وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا رایگەیاندووە: ئێمە پێمان وایە بڕیارەکەی ئەفریقای باشوور بۆ ڕەوانەکردنی دۆسیەی ئیسرائیل بۆ دادگا هەڵەبووە و ئیستفزازی بووە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، واشنتۆن تا ئێستاش پێیوایە تۆمەتی جینۆسایدکردنی خەڵکی غەزە لەلایەن ئیسرائیل بێ بنەمایە.

ماوەی چوار رۆژە خۆپێشاندەرانی ئیسرائیل دەروازەی کەرەم ئەبو سالمیان داخستووە، رێکخراوی ئۆنروا هۆشداری دەدات سەبارەت بە کەمی هاوکارییە مرۆییەکان لە غەزە.

بەر لەچەند رۆژێک خواردنگەیەک لە ئوردن کرایەوە با ناوی 7ی ئۆکتۆبەر ئەمڕۆ ناوەکەی لادرا بەهۆی وەرنەگرتنی مۆڵەت، خەڵکی پارێزگای کەرەکی ئوردنیش دەڵێن ماوەیەکی تر لافیتەی 7ی ئۆکتۆبەر بە ماڵەکانمان هەڵدەواسین.