وته‌بێژى وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ش قسه ناكات
بەشێک لە مامۆستایانی ناڕازی هەولێر دەڵێن “بایکۆت دەکەین”
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
مامۆستایانی ناڕازی له هەولێر، راگه‌یاندراوێكیان بڵاوكردووه‌ته‌وه و دەڵێن، سبه‌ى یه‌كشه‌ممه بایكۆت له ناوه‌نده‌كانى خوێندن ده‌ستپێده‌كه‌ن، راگه‌یاندراوه‌كه به‌نهێنی له‌ناو هه‌ندێك گروپی مامۆستایان له سۆشیاڵ میدیا بڵاوكراوه‌ته‌وه، نه ناونیشانى له‌سه‌ره و نه ناوى هیچ كه‌س و گروپێكی دیاریكراو.
964 به‌دواداچوونى بۆ ئه‌م راگه‌یندراوه كرد و سه‌رچاوه‌یه‌كی له‌ناو ئه‌و مامۆستا ناڕازیانه‌ى هه‌ولێرى دۆزییه‌وه.
له راگه‌یاندراوه‌كه‌دا هاتووه “وەكو ئاگادارن بۆ ماوەی چوار مانگ دەبێت حكومەتی هەرێم، مووچەی فەرمانبەران و مامۆستایانی نەداوە لە بەرامبەر جێبەجێكردنی داواكارییەكانی مامۆستایان و فەوتانی ساڵێكی 700 هەزار خوێندكاردا، هەروەكو بەڵێنمان دابوو كە ئێمە هەڵوێستی جدییمان دەبێت، هەر بۆیە سبەی یەكشەممە بایكۆتی سەرتاسەری لە سنووری هەولێر رادەگەیەنین”.
ده‌شڵێن، ئه‌م هه‌وڵه‌یان بۆ ئه‌وه‌یه، تاوەكو حكومەتی هەرێم موچەی ئەم مانگە دابەشبكات و بۆ مانگەكانی دیكەش دابەشكردنی موچە ئاسایی بكاتەوە.
سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ناو مامۆستایانى ناڕازى هه‌ولێر، ئه‌و راگه‌یه‌ندراوه‌ى بۆ 964 پشتڕاست كرده‌وه و ئاشكراشی كرد كه راگه‌یاندراوه‌كه‌یان له‌لایه‌ن چوار تاوه‌كو پێنج گروپی مامۆستایانى ناڕازى و وانه‌بێژان بڵاوكراوه‌ته‌وه و هه‌موویان كۆكن له‌سه‌ر ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ى.
گروپه‌كانى مامۆستایانى ناڕازى، وانه‌بێژان، ئه‌نجومه‌نى فه‌رمانبه‌رانى ناڕازى و مامۆستایانى گرێبه‌ست، له‌و گروپانه‌ن كه ئه‌م راگه‌یه‌ندراوه‌یان بڵاوكردووه‌ته‌وه.
ئه‌و سه‌رچاوه‌یه كه مامۆستایه‌كی خوێندنى دواناوه‌ندیه له‌ناو شارى هه‌ولێر وتیشی “به‌هۆى ئه‌وه‌ى پێشتر فشارێكی زۆریان له‌سه‌ر كراوه و به‌شێكیان تائێستاش فه‌رمانى گرتنیان هه‌یه، بۆیه ئه‌م راگه‌یندراوه‌یان به نهێنی بڵاوكردووه‌ته‌وه”.
روونیشیكرده‌وه، مامۆستایان و وانه‌بێژانى ناڕازی هه‌ولێر كه ژماره‌یان زیاتر له 100 مامۆستایه، ده‌یانه‌وێت له‌دواى بایكۆتكردنه‌كه‌یان كاردانه‌وه‌ى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانیان بزانن.
964 بۆ ئه‌م بابه‌ته په‌یوه‌ندی به سامان سیوه‌یلی وته‌بێژى وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ى حكومه‌تى هه‌رێمی كوردستان كرد، به‌ڵام به‌بیانوى ئه‌وه‌ى ئه‌مڕۆ پشووه و ئه‌ویش له مۆڵه‌ته ناتوانێت قسه له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته بكات.
ماوه‌ى چه‌ند مانگێكه مامۆستایان و مامۆستایانى وانه‌بێژ له سنوورى پارێزگاكانى سلێمانى و هه‌ڵه‌بجه‌و ئیداره‌كانى گه‌رمیان و راپه‌ڕین خۆپیشاندان ئه‌نجام ده‌ده‌ن و بایكۆتیان راگه‌یاندووه، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا ئه‌وه‌ى له‌لایه‌ن حكومه‌تى هه‌رێمه‌وه بۆیان كراوه به‌دڵى ئه‌وان نه‌بووه و بایكۆتكردنه‌كانیان له‌هه‌ندێك شوێن هه‌ر به‌رده‌وامه.