لەگەڵ پێنج رۆمانی تر

رۆمانی “دواهەمین هەناری دونیا” دەچێتە کۆتا لیستی خەڵاتێکی ئەمریکاوە

964+

پێشەوا محەمەد

رۆمانی “دواهەمین هەناری دونیا”ـی بەختیار عەلی، چووەتە کورتترین لیستی خەڵاتی رەخنەگرانی نێونەتەوەیی ئەمریکا و لەگەڵ پێنج رۆمانی دیکەدا کێبرکێی بردنەوەی خەڵاتەکە دەکات.

ئەو خەڵاتە لە ساڵی 1976ـەوە دەبەخشرێت و لە بوارەکانی رۆمان، چیرۆکی خەیاڵی زانستی، شیعر، ژیاننامە و رەخنە یەکەمەکان دیاری دەکرێن.

رۆمانەکەی بەختیار عەلی، لەگەڵ رۆمانەکانی دۆرۆسی تسێی یابانی، کیم هۆیسۆنی کۆری، ئازۆ ڤاگی ئەفریقی، تیزەر ئۆزڵوی تورکی و نۆرمان ئیرکسۆنی جاکارتایی لە کێبڕکێدایە.

خەڵاتەکە لە مانگی سێی هەموو ساڵێکدا لە کۆبوونەوەیەکی دەستەی گشتی خەڵاتەکەدا، کە 24 ئەندامن رادەگەیەندرێت.

رۆمانی “دواهەمین هەناری دونیا”ـی بەختیار عەلی لە لایەن کەریم عەبدولرەحمانەوە بۆ سەر زمانی ئینگلیزی وەرگێڕدراوە و لە لایەن دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی Archipelago Books چاپ و بڵاوکراوەتەوە.

ساڵی 2016 رۆمانەکە لە لیستی باشترین کتێبی هەڵبژێردراوی رەخنەگرانی ئەڵمانیدا بوو. هەر لە ساڵی 2016ـدا بە پلەی یەکەم لە لیستی لیت پرۆمیدا بوو، وەک چۆن “جەمشید خانی مامم” لە ساڵی 2022ـدا لە لیستی 10 باشترین کتێبی “ئۆئاڕئێف”ـی نەمساویدا بوو.

بەختیار عەلی بە وەرگێڕانەکانی رۆمانەکانی بۆ سەر زمانی ئەڵمانی، بووەتە براوەی خەڵاتە بەناوبانگەکانی وەک نیلی زاکس و هیڵدا دۆمین.

بەختیار عەلی لە یەکێک لە چاوپێکەوتنەکانیدا دەربارەی رۆمانی دواهەمین هەناری دونیا دەڵێت، “ئەگەر ناچار بکرێم یەک کتێب لەوانەی نووسیومە لەگەڵ خۆم ببەمە دونیاکەی تر، ئەو کتێبە رۆمانی دواهەمین هەناری دونیا دەبێت”.

بەختیار عەلی سەبارەت بە وەرگرتنی خەڵاتی هیڵدا دۆمین بۆ...

بەختیار عەلی سەبارەت بە وەرگرتنی خەڵاتی هیڵدا دۆمین بۆ 964 دەدوێت