هەرێم ناگرێتەوە
حکومەتی عێراق پارە بۆ کڕینەوەی چەک بۆ هەر پارێزگایەک تەرخان دەکات
964+
پێشەوا محەمەد
حکومەتی عێراق لە رێگەی وەزارەتی داراییەوە بڕی ملیارێک دینار بۆ هەر پارێزگایەک تەرخان دەکات بە مەبەستی کڕینەوەی چەک لە هاوڵاتیان، بەڵام پارێزگاکانی هەرێم ناگرێتەوە.
تەرخانکردنی ئەو پارەیە ئەمساڵ و ساڵی داهاتووش دەگرێتەوە و یەکەم هەنگاوی حکومەتی عێراقە بۆ سەندنەوەی چەک لە دەستی هاوڵاتیان.
دارا سێکانیانی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە 964ـی راگەیاند، مەرج نییە هەر بڕیارێکی دارایی حکومەتی هەرێمی نەگرتەوە بێبەشکردنی هەرێم بێت، “بەڵکو بەشێک لەو بڕیارانە رێزگرتنە لە قەوارە دەستوورییەکەی هەرێم و حکومەتەکەی”.
وتیشی، “پرسی دابینکردنی ئەو پارانە بۆ هەرێم دەبێت لە رێگەی وەزارەتی دارایی هەرێمەوە بێت و ئەگەر هەر بڕیارێکی دارایی حکومەتی عێراق هەرێم بگرێتەوە، دەبێت وەزارەتی دارایی هەرێم بەشدار بێت و لەو رێگەیەوە ئەو پارانە رەوانە بکرێن”.
دابینکردنی ئەو پارەیە دوای بڕیاری حکومەتی عێراق هات، بۆ کۆکردنەوەی تەواوی ئەو چەکانەی بەدەست هاوڵاتیانەوەیە لای حکومەت.