دیمەنێک لە پڕکردنەوەی فۆڕمی کەمئەندامان _ وێنە: 964
لە سبەینێوە بچن
پڕکردنەوەی فۆڕمی یەکەی نیشتەجێبوونی کەمئەندامان 22 رۆژ دەخایەنێت
964+
ئەحمەد مستەفا
هەموو ئەندامانی یەکێتیی کەمئەندامانی کوردستان، لە سبەی یەکشەممەوە دەتوانن فۆڕمی یەکەی نیشتەجێبوونی ژیانەوە لە سلێمانی پڕبکەنەوە، ئەمە قسەی سامان حوسێن سکرتێری یەکێتییەکەیە.
لە سلێمانی و لە ناوچەی قولەڕەیسی، دوو تاوەر لە پڕۆژەی ژیانەوە لە تەواوکردندان، کە کۆی پڕۆژەکە هەزار یەکەی نیشتەجێبوونە و 24%ی بۆ کەمئەندامان دەبێت و لە رێگەی فۆڕمەوە دابەشدەکرێ.
ئەمڕۆ شەممە 3.2.2024، سامان حوسێن، سکرتێری یەکێتیی کەمئەندامانی کوردستان بە 964ی وت، لە سبەینێ یەکشەممەوە 4.2.2024 و بۆ ماوەی 22 رۆژ لە کاتژمێر 9:00ی بەیانی بۆ 4:00ی ئێوارە، لە گەڕەکی زێڕینۆکی سلێمانی و لە باڵەخانەی مەڵبەندی گشتی دەست بە پڕکردنەوەی فۆڕم دەکەین.
لە بارەی مەرجەکانەوە ئەوەی وت، مەرجە کەمئەندام تەمەنی لە خوار 18 ساڵ نەبێت، پێشتر سوودمەند نەبووبێت، هەروەها دەبێت کەمئەندامەکە بریکاری موچەی هەبێت، یان خۆی خاوەن موچەی کەمئەندامی بێت، وتیشی، هەر خێزانێک تەنیا یەکجار مافی پڕکردنەوەی فۆڕمی هەیە و بە تیروپشک سوودمەندان هەڵدەبژێردرێن.
بە گوێرەی سۆراغی 964، کۆی تێچووی هەر شوقەیەک بۆ کەمئەندامان پێنج دەفتەر دۆلارە، مانگانە کەمئەندام تەنیا بڕی 150 هەزار دیناری وەک قیست لێوەردەگیرێ، بە گوێرەی ئاماری وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی بێت، پارێزگای سلێمانی نزیکەی 30 هەزار خاوەن پێداویستی تایبەتی هەن.