"کارەبا هێڵی سورە"

دەستەی خۆپیشاندانی پێنجوێن نیگەرانن و داوای ئامادەبوونی خەڵک دەکەن

964+
ئەحمەد مستەفا

کارەبای پێنجوێن دوو بۆ چوار کاتژمێری رۆژانە، و هەندێکجار زیاتر دەکوژێنرێتەوە، ئەوکارەبا 24 کاتژمێرییەی هەیانبوو ئێستا بووە بە داواکاری، دەستەی خۆپیشاندانەکانی پێنجوێن لە بڵاوکراوەیەکدا دەڵێت، کارەبای پێنجوێن هێڵی سوری هەموو تاکێکی ئەم شارەیە بەبێ جیاوازی.

ئەو قەزایە کە 16 هەزار بەشداربووی کارەبای هەیە، پێویستی بە 35 مێگاوات کارەبای بەردەوام هەیە، تا خواستی قەزاکە بە تەواوی پڕبکاتەوە بۆ 24 کاتژمێری پێدانی کارەبا بە دانیشتووانەکەی.

سێ کاتژمێرە قەزای پێنجوێن بێ کارەبایە

سێ کاتژمێرە قەزای پێنجوێن بێ کارەبایە

لە بڵاوکراوەیەکدا کە وێنەیەکی بۆ 964 نێردراوە، دەستەی خۆپیشاندانەکانی پێنجوێن دەڵێن، “بەداخەوە بەهۆی بێ باکی کاربەدەستانی حکومەت بەگشتی و خەمساردی و کەمتەرخەمی دامودەزگا پەیوەندیدارەکان، شارۆچکەی پێنجوێن رۆژ بەڕۆژ لەوێرانەیەکی پشتگوێخراو نزیک دەبێتەوە، ئەو بەڵێنانەی لەخۆپیشاندانی ساڵی پاردا لەلایەن وەزارەتەکانی حکومەت درا بە پێنجوێنیەکان، تەنیا کردنەوەی فەرمانگەی ئاوەدانکردنەوە جێبەجێکراوە”.

ئاماژەی بەوەشکردووە، پاش خۆپیشاندانی 29.11.2023، لە رێگەی قایمقامەوە بەڵێنی تەواوەتی بە پێنجوێنییەکان درا کە چیتر لە هیچ بارودۆخێکدا کارەبای پێنجوێن ناکوژێنرێتەوە، بەڵام وەک هەموو بەڵێنەکانی تر ئەم بەڵێنەشیان ناڕاست دەرچوو، ئەوەشیان وتووە، “لە رۆژانی داهاتوودا هەڵوێستی پێنجوێنیانەمان دەبێت و داواکاریشمان بۆ هاوڵاتیانی خۆمان ئەوەیە کە خۆیان ئامادە بکەن”.

پێشتر، بڕینی زیادەڕۆییەکانی سەر تۆڕی کارەبای پێنجوێن زیاتر لە چوار مێگاوات کارەبای بۆ پێنجوێن گەڕاندوە، جەمال سەعید بەڕێوەبەری وێستگەی کارەبای قەزای پێنجوێن لە بارەی بڕانی کارەباوە بە 964ـی وت، “کێشەکە لە بەرهەمهێنانى وێستگەکانى کارەبایە، بە تایبەت ئێستا لە هەرێمى کوردستان سیستمى کارەبا تێکەڵاوە و سەرجەم فیدەرەکان پەیوەندى بە یەکترەوەیە، بۆیە ئەگەر وێستگەکانى کارەبا توشى فشار ببن ناچار کوژانەوە روودەدات”.

لەبەر بێ کارەبایی چایخانەیەکی پێنجوێن بەرناکەوێت

لەبەر بێ کارەبایی چایخانەیەکی پێنجوێن بەرناکەوێت