بە هەڵکەندنى بیرێکى ئاو

ژیان بۆ گوندێکى گەرمیان گەڕایەوە

964+

وریا فەتاح

لە رێگەى هەڵکەندنى بیرێکى ئاو خواردنەوە، کێشەى کەمئاوى “ئاوایى باشە” لە سنوورى قەزاى کفرى چارەسەر بوو، بەوهۆیەوە هەشت ماڵ بڕیاریانداوە بۆ ژیانکردن بگەڕێنەوە گوندەکە.

ئاوایى باشە، دەکەوێتە سنوورى ناحیەى سەرقەڵاى سەر بە قەزاى کفرى، ساڵانێکە بە هۆى کێشەى کەمئاوى تووشى گرفت بوون، بەڵام لە چوارچێوەى پڕۆژەى ژیانەوەى گوندەکان، رێکخراوی جیهانی میدیکۆ بە هەماهەنگی رێکخراوی هاوکاریی ئەڵمانی، کێشەی کەمئاوی گوندی باشەیان لە رێگەی لێدانی بیری قوڵەوە چارەسەر کرد.

زیاد فاروق، رێکخەرى پڕۆژەکانى رێکخراوى هاوکاریى ئەڵمانى قسەى بۆ 964 کردووە و وتى، “خەڵکی گوندەکە ساڵانێکی زۆرە بەهۆی نەبوونی ئاوی خواردنەوە گوندەکەیان چۆڵکردووە، ئێستا دوای چارەسەرکردنی کێشەی ئاوی خواردنەوەیان، گوندەکە بە تەواوی ئاوەدان دەکرێتەوە و هەشت ماڵ سەرقاڵی خانوو دروستکردنن و بڕیاریانداوە بگەڕێنەوە گوندەکە”.

“پڕۆژەکە جگە لە هەڵکەندنى بیر ئاو، پڕۆژەى راکێشانى ئاویشە بۆ تەواوى ماڵەکانى گوندەکە، هەر بۆیە لە رێوڕەسمی کردنەوەى پڕۆژەکەدا، دانیشتووانى گوندەکە بە دڵخۆشییەکى زۆرەوە ئامادەبوون و خواردنیان ئامادەکرد، هەمووان بە ژن و پیاو و گەورە و بچوکەوە لەسەر خوانێک کۆبوونەوە”، زیاد فاروق واى وت.

هەردوو رێکخراوەکە لە چوارچێوەى پڕۆژەى ژیانەوەى گوندەکان، تا ئێستا ئاوى خواردنەوەیان بۆ نۆ گوندى سنوورى گەرمیان گەڕاندووەتەوە و بیرى قوڵیان بۆ هەڵکەندوون و پڕۆژەکەش درێژەى هەیە.

وێنەى شاعیرانى کورد لەسەر دیوارى دوو قوتابخانە دەنەخش...

وێنەى شاعیرانى کورد لەسەر دیوارى دوو قوتابخانە دەنەخشێنن