سکاڵاشی تۆمارکردووە

شۆفێری ئەو ئۆتۆمبێلەی خۆیکرد بەناو خۆپیشاندانی مامۆستایاندا ئازادکراوە

964+

کامیار کەمال –  پێنجوێن

ئەو کەسەی رۆژی چوارشەممەی رابردوو بە ئۆتۆمبێلەکەی خۆیکرد بە ناو خۆپیشاندانی مامۆستایانی ناڕازیدا، بە کەفالەت ئازادکراوە و سکاڵاشی لەسەر مامۆستایەک تۆمارکردووە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی 964 ئەو کەسە تەنیا یەک شەو لە زیندان بووە و بە کەفالەت ئازادکراوە.

عەبدولرەحمان خالید، پارێزەری خۆبەخشی مامۆستایانی ناڕازی بە 964ی راگەیاند، ئەو کەسە بەگوێرەی ماددەی 405 راگیراوە و دوای رۆژێک بە کەفالەتی 500 هەزار دینار ئازادکراوە و دوای ئازادبوونیشی سکاڵای لەسەر مامۆستایەک تۆمارکردووە.

وتیشی، ئەمڕۆ دوای ئەوەی مامۆستایان نوسراوی سکاڵایان بۆ بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی پێنجوێن بردووە، بەشی یاسایی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی قەزاکە بڕیاریداوە دوای کۆکردنەوەی واژۆی مامۆستایان سکاڵا تۆمار بکات و پرسەکە لە ئەستۆ بگرێت.

باسی لەوەشکرد، تاوەکوو ئەمڕۆش مامۆستایان سکاڵایان تۆمار نەکردووە و نەیان ویستووە کێشەکە بگاتە دادگا، بەڵام دوای ئەوەی بینیویانە ئەو کەسە هەڵوێستی بەو جۆرە بووە بڕیاریانداوە سکاڵا تۆمار بکەن.

رێبین عومەر ئەو مامۆستایەی سکاڵاکەی لەسەر تۆمارکراوە بە 964ی رایگەیاند، دوور و نزیک ئەو کەسە ناناسێت و ئاگاداریش نەبووە کە سکاڵای لەسەر تۆمارکراوە، چونکە تا ئێستا بانگهێشتی بنکەی پۆلیس و دادگا نەکراوە.

باسی لەوەشکرد، ئەو لەکاتی روودانی ئەو حاڵەتەدا دوور بووە و وەکو ئەوەی دوریش بووە ناوبژیکردووە و دەستی مامۆستایانی گرتووە تاوەکوو کێشەکە گەورەتر نەبێت.

رۆژی چوارشەممەی هەفتەی رابردوو لە خۆپیشاندانی مامۆستایانی ناڕازی قەزای پێنجوێن و لەبەردەم قایمقامیەت و دادگای قەزای پێنجوێندا، هاوڵاتییەک بە ئۆتۆمبێلەکەیەوە خۆیکرد بە ناو مامۆستایانی ناڕازیدا و بەوەش گرژی دروستکرد و دەستگیر کرا.

دواتر هەریەکە لە زانا رەحمان قایمقامی قەزای پێنجوێن و نوێنەری مامۆستایانی ناڕازی و پارێزەری خۆبەخشی مامۆستایان لەگەڵی دانیشتن و دوایان لەو کەسەکرد داوای لێبوردن بکات لە مامۆستایان تاوەکو کێشەکە چارەسەر بکرێت و نەگاتە دادگا، بەڵام ئەو کەسە رەتیکردەوە و قایمقامی قەزای پێنجوێنیش رایگەیاند، ئەو کەسە ئامادە نییە داوای لێبوردن بکات، لەبەر ئەوە مامۆستایان ئازادن لەوەی چ رێکارێک دەگرنەبەر.

پێداچوونەوە: هاوبەش

ئۆتۆمبێلێک خۆی کرد بە ناو خۆپێشاندانی مامۆستایانی ناڕ...

ئۆتۆمبێلێک خۆی کرد بە ناو خۆپێشاندانی مامۆستایانی ناڕازیدا